کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكرات بەشداری لە كۆبوونەوەی \"ژنێڤاكاڵ\"دا كرد

14:14 - 24 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بە سەرپەرستی د. میرۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسی، بەشداریان لە كۆبوونەوەیەكی ژنێڤاكاڵ لەپێوەندیی مافی ژنان و منداڵان لە شاری ژنێڤ كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەر لەبەیانی رێكەوتی 23‌ی سەرماوەز ئەو كۆبوونەوەیە دەستی پێكرد و سەرەتا نوێنەرانی حیزبەكان باسی ئەزموون و سیاسەتی خۆیان لەبارەی پرسی ژناندا كرد و هەروەها باسێكیش لەسەر چۆنیەتی ئەوەی كە حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە چ شێوازێك بتوانن مافی ژنان لە نێو كۆمەڵگا و حیزبەكاندا باشتر بپارێزن.
لەبەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بەشداران پڕژانە سەر بڕیارنامەی ژنێڤاكاڵ و روونكردنەوەیان لەپێوەندیی مافی منداڵان دا.
دوانیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٣‌ی سەرماوەز، بەشدارانی كۆبوونەوەكە باسی چۆنیەتی جێبەجێ كردنی بەندە جیاوازەكانی ئەم بڕیارنامەیەیان كرد و لەو پێوەندییەدا باس لە رۆڵ و ئەركیی ژنێڤاكاڵ و ئەو حیزبانە كە بڕیارنامەكە واژۆ دەكەن كرا.
لەو دانیشتنەدا نوێنەرانی هەموو حیزبەكان لەسەر ئەوە كۆكبوون كە بەشداری ژنان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستانی ئێران زۆر پێویستە بۆ سەركەوتنی ئەم بزووتنەوە و پاراستنی مافی منداڵان گرینگیەكی تایبەتی بۆ هەموو كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و دێموكراتیك هەیە.

3055.jpg


بەشێكی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا كردووە و كۆبوونەوەی ژنێڤاكاڵ بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و حیزبەكانی دیكەی بەشدار رێككەوتنامەیەك لەسەر مافی ژنان و منداڵان واژۆ بكەن.