کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکی مەدەنییانە بۆ هاوخەمی لەگەڵ منداڵانی شیناوێ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو

14:39 - 24 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ئەو چالاکییە لە چەندین بڕگە و بابەتی جۆراوجۆر و بە دروست کردنی پۆلێکی سمبولیکی قوتابخانەی شیناوێ، هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆیان دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز ، لە پارکی شانەدەری شاری هەولێر چالاکییەکی مەدەنییانە لەلایەن چالاکانی کوردی ئێرانیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بە ئامادە بوونی بەڕێز محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
ئەو چالاکییە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ سەیران یەگانه و هاوپۆلەکانی، پێک هاتبوو.
لەو رێوڕەسمەدا چەندین رێکخراوی منداڵان و لەوانە ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی فیکری و هونەریی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.
دەسپێکی ئەو رێوڕەسمە بە راگرتنی یەک خولەک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت تازەترین شەهیدی منداڵ سەیران یەگانە دەستی پێ کرد.
شیبا، کیمیا، ترێ و ئاشنا وەکوو قوتابیانی بەشداری ئەو کلاسە سمبولیکە، لەلایەن مامۆستاکەیانەوە بۆ خوێندنەوەی ئینشاکەیان بانگهێشت کران و ئینشای خۆیان بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی خوێندەوە.
ئەو منداڵانە لە ئینشاکەیاندا بارودۆخی نالەبار و خرابی منداڵانی کوردستانی ئێران و هەروەها خراپیی بینای قوتابخانەکانیان و ئاورنەدانەوەی لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو دۆخە بۆ بەشداربوان وەسف کرد.
ئەفسانە شامحەممەدی یەکێکی دیکە لە بەشدارانی ئەو چالاکییە بە نوێنەرایەتیی دایکانی منداڵانی قوتابخانەی شیناوێ پارچە شیعرێکی پێشکەش کرد.
پاشان سەیران سەلاح بەرپرسی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی منداڵان کەلە ١٨ رێکخراوی منداڵپارێزی پێکهاتووە، وتاری خۆی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا وێڕای مەحکووم کردنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە روو دانی کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ، هاوخەمی و هاودەردی خۆی و فیدراسیۆنەکەی دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییەدا منداڵانی پۆلە سمبولیکەکە، بە خوێندنەوەی سروودی خوایە وەتەن ئاوا کەی هەست و سۆزێکی تایبەتی‌تریان بەو رێوڕەسمە بەخشی.
لە کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا منداڵانی بەشدار بە هەوادانی فوودانە کەلە سەریان ناوی سەیران یەگانە نووسرابوو، ماڵاواییان لێ کرد.