کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆکرات لە ژنێف پەیماننامەی پاراستنی مافی ژنان و منداڵانی لە کاتی شەڕدا ئیمزا کرد

12:47 - 25 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی د. مێرۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسی و چەند حیزبی دیکەی کوردستانی ئێران، پەیماننامەی پاراستنی مافی ژنان و منداڵانیان لە کاتی شەڕدا، لە پارلەمانی کۆماری کانتۆنی ژنێف واژۆ کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەتای رێوڕەسمەکە خانمی ئانیا ویدەن گوێلپا لێپرسراوی کۆماری کانتۆنی ژنێڤ، وتی: ئیمزا کردنی پەیماننامەی پاراستنی مافی ژنان و منداڵان لە کاتی شەڕدا لەلایەن حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە، هەنگاوێکی مێژوویی‌یە و جێگای خۆیەتی ئەو پەیماننامەیە لە ژوورێکی مێژوویی وەکوو ژووری ئالابامای پارلەمانی کۆماری کانتۆنی ژنێڤ، شوێنێک کە کۆنڤانسیۆنی ژنێڤا یاسای نێودەوڵەتی شەڕ لە ساڵی ١٨٦٤ پەسند کرد، ئیمزا بکرێت.
پاشان خانمی ئەلیزابێت دەکرەی وارنێر، پەرپرسی رێکخراوی ژنێڤاکاڵ باسی ئەوەی کرد کە شانازییەکی گەورەیە بۆ ژنێڤاکاڵ کە توانیویەتی رۆڵی لە ڕێکخستنی رێوڕەسمی واژۆ کردنی ئەم بڕیارنامە گرینگ و مێژووییەدا هەبێ و هیوای خواست کە هەموو بزووتنەوەکانی دیکەی جیهانیش وەکوو حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە داهاتوودا ئەو هەنگاو بنێن.
هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێز دوکتور مێرۆ عەلیار بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکرات وتی: بۆ حیزبی دێمۆکراتیش شانازییەکی گەورەیە کە ئەم پەیماننامەیە واژۆ بکا و هەموو هەوڵێک دەدا کە نێوەڕۆکی بڕیارنامەکە بە کردەوە جێبەجێ بکا.
بەڕێز عەلیار لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: پرسی پاراستنی مافی ژنان و منداڵان بۆ بزووتنەوەی رزگاریخۆازانەی گەلی کورد گرینگییەکی تایبەتیی هەیە، بەڵام پێویستە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییە دێموکراتیکەکان، چالاکانە و لە نزیکەوە هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ئەو پرسە بکەن.
میرۆ عەلیار، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو رێوڕەسمەدا ئامادە بوو و پەیماننامەی پاراستنی مافی ژنان و منداڵانی لە کاتی شەڕدا واژۆ کرد.