کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار کۆمپانیا و ٥ کەس لە لێپرسراوانی پایەبەرزی رێژیمی ئێران خرانە لیستەی نوێی گەمارۆی ئەمریکاوە

14:15 - 25 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوار کۆمپانیا و ژمارەیەکی لێپرسراوی پایەبەرزی بە لیستەی گەمارۆکانی زیاد کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو گەمارۆیانە بە مەبەستی پێشگری لە دەست پێڕاگەیشتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چەکی ئەتۆم خراونەتە سەر رێژیمە.
هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، فەریدوون عەبباسی لێپرسراوی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران یەک لەو کەسانەیە کە گەمارۆی خراوەتە سەر.
بەپێی ئەو گەمارۆ نوێیانە کۆمپانیا و هاووڵاتییانی ئەمریکایی مافی ئەوەیان نییە کە لەگەڵ کۆمپانیا و لێپرسروانی رێژیمی ئێران بازرگانی بکەن.
ماوەیەک لەمەوبەر سنای ئەمریکا رایگەیاندبوو، خولێکی نوێ لە گەمارۆکان بۆ سەر کەرتی وزە، بەرهەمەکانی ئاسن و کەشتیوانیی رێژیمی ئێران لەلایەن مەجلیسی سەنای ئەمریکاوە تاوتوێ دەکرێن و دەخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سیناتۆری دێمۆکرات رابێرت مەندز هاوڕێ لەگەڵ مارک کرک سیناتۆری کۆماریخواز، دارێژەڕی ئەو گەڵاڵەیە بوون و ئەو گەمارۆیە سەرجەمی ئەو بانکە دەرەکییانەی کە کاری ئاڵوێر و گواستنەوەی پارە و دراو لە بواری پێشەیی، کەشتیوانی، کەشتی سازی و هەموو جۆرەکانی وزە بۆ رێژیمی ئێران ئەنجام بدەن، لەخۆ دەگرێت.