کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی کارخانەی فوولادی زاگرۆس لە شاری قوروە

16:12 - 28 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری ناڕازیی کارخانەی فوولادی زاگرۆس، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییەکان لەبەر دەرکی فرمانداریی ئەو شارە بەڕێوە برد.

بەگوێرەی راپۆرتیئیلنا، کرێکارانی کارخانەی فوولادی زاگرۆس ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەگەری دەرکران و هێنانی کارێکاری نوێی ناوچەکانی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەری نوێی ئەو کارخانەوە، دەربڕیوە.

بەپێی ئەو سەرچاوە، ئەو کرێکارانە کە ئەگەری دەرکردنیان لە ئارا دایە، هەر کامیان زیاتر لە ١٠ هەتا ٢٠ ساڵ رابردووی کارییان لەو کارخانەیەدا هەیە.

نوێنەری ئەو کرێکارانە کە خۆیشی لەو ناڕەزایەتییەدا بەشداریی کردووە، گوتوویەتی: بەڕێوەبەری نوێی کارخانەی بە وەرگرتنی ١٥٠ کرێکاری ناوچەکانی دیکە، بە کرێکارانی ئەو کارخانەیەی گوتووە، لەسەر کارەکانیان ئامادە نەبن.

هەروەها ئەو سەرچاوە هەواڵییە بڵاوی کردەوە، ٢٥ کەس لەو کرێکارانە لە چەند ساڵی رابردووەوە لە رەوتی کاردا بریندار بوون، بەڵام بەڕێوەبەران ئامادە نین گرێبەستەکەیان نوێ بکەنەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ژمارەیەک لەو کرێکارانە ناڕازییانە بە نوێنەرایەتیی کرێکاران چوونەتە فرمانداریی شاری قوروە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سنە و فرمانداریی قوروە دانووسانیان ئەنجام داوە.

کارخانەی فوولادی زاگرۆس لە گوندی کەریم‌ئاوا، لە ٢٠ کیلۆمیتریی شاری سنە هەڵکەوتووە.