کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی خۆی به دامەزراندنی سیستمی مووشەکیی \"پاتریوت\" لە تورکیە دەربڕی

19:42 - 25 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: راوێژکاری رێبەری رێژیمی ئێران بۆ کاروباری نیزامی رایگەیاند، دامەزراندنی سیستمی مووشەکی پاتریوت لە تورکیە بە پشتیوانی ئەمریکا جێبەجێ‌ دەکرێت.
یەحیا رەحیم سەفەوی وتی: دامەزراندنی ئەو مووشەک لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیە، پەرە بە ئاڵوزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دەدات.
چەند رۆژ لەمەوبەر رێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی شومالی(ناتۆ)، رەزامەندیی خۆی لەگەڵ داواکاریی تورکیە لەمەڕ دامەزراندنی سیستمی مووشەکیی پاتریوت لە باشووری ئەو وڵاتە دەربڕیبوو.
تورکیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو داواکارییەدا رایگەیاندووە، ئێمە بە مەبەستی بەرگری و پاراستنی سنوورەکانمان ئەو داواکارییەمان پێشکەش بە ناتۆ کردووە.
کەرەسەی لوجستیکیی ئەو سیستمە لە دوو وڵاتی هولەند و ئاڵمانەوە دابین دەکرێت و ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاندووه: بە مەرجێک کەرەسەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەو سیستمە مووشەکییە بە تورکیە دەدەین کە تیمی تایبەتی خۆشمان لەو وڵاتە حوزوریان هەبێت.
حوزووی تیمی تایبەتی هولەند و ئاڵمان بە واتەی بوونی هێزە نیزامییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە تورکیە و ئەوەش پێویستیی بە رەزامەندیی پارلەمانی تورکیە هەیە.