کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان سمیناریک لە شاری لینشۆپینگی سوێد بەڕێوەچوو

20:16 - 25 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری لینشۆپینگی سوێد بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پیشمەرگەی کوردستان سمینارێکی بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەتا حاتەم ئەلیاسی وێڕای بە خیرهاتن و پیرۆزبایی رۆژی پێشمەرگە بە بەشداران، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەرنامەی سمینارەکە دەستی پێ کرد و پاشان حەبیب ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە شاری لینشۆپینگ پەیامی کۆمیتەی حیزبی لە ئەو شارە بە بۆنەی ئەو رۆژە پێشکەش بە بەشداران کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا هەیئەتێکی کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی برایم شەم لەو سمینارەدا بەشدار بوو و پەیامی خۆیان بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.
دواتر شیعرێک لەلایەن محەممەد گۆمانی خوێندرایەوە و دواتر کاکەبرا ئەلیاسی باسێکی لەسەر رۆژی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش بە بەشدارن کرد.
ئەلیاسی وێڕای پێرۆزبایی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و یادیک لە پێشمەرگە شەهیدەکان، لە پێوەندی لەگەڵ رۆڵی پێشمەرگەدا وتی: پێشمەرگەی کوردستان جێگە و پێگەیەکی یەکجار گرینگ و پتەوی لە بەرەو پێش بردنی خەباتی نەتەوەکەمان هەبووە و هەیە.
کۆڕگێر لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵی هیندێک کەس و لایەن کرد کە بە ناوی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەوڵی لەکەدار کردنی ناوی بەرز و پیرۆزی پێشمەرگە دان و رایگەیاند کە ئەو هەوڵە دزیوانە نەک هەرناتوانن پێشمەرگە و گەورەیی و خوشەویستیی پێشمەرگە لە دڵی نەتەوەکەمان کەم کاتەوە، بەڵکوو ئەو جۆرە هەوڵانە ماهییەتی نەیارانی باسکی بە هێزی گەڵ زیاتر دەردەخات.
کاکە برا ئەلیاسی لەبەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لەو بڕوایەدا بوو کە ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی کورددا دەبێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا دڵشاد ئەلیاسی و حەبیب ئەلیاسی پارچە شیعرێکیان بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەوە خوێندەوە.
کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات بۆ رێز گرتن لە رۆژی پێشمەرگەی کوردستان شاخە گوڵی پێشکەش بە بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرد.