کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان

23:57 - 25 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.


نوسخەیەک لەو پەیامە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە.
دەقی پەیامەکە:
بەنێوی خوای خاوەن هێز و هێژا
بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم کوردستانیانی بەڕێز و کادر و پێشمەرگە خۆنەویست و زیندانیانی سیاسی و ئازادیخوازانی گەلەکەمان و لە سەرەوەی هەمووشیانەوە (حدکا)، داهێنەری وشەی پیرۆزی پێشمەرگە و مەکۆی تێگەیاندن و پێگەیاندنی رۆڵەکانمان لەهەمبەر مەتەرێز گرتن لە بەرانبەر بە نادادپەروەری و نا عداڵەتی نەتەوایەتی دەکەین و لە خوای مەزن داوا خوازین کە گیانی پاکی شەهیدانی دۆزی رەوای نەتەوەکەمان بە بەهەشتی بەرین شاد و شوێنکەوتوانیشیان پایەدار و سەرکەوتوو بکات.
پێشمەرگە ئەو رۆڵە چاونەترسەیە کە لەپێناو ویستی نەتەوەکەیدا بێ لەبەرچاو گرتنی هەر مەترسی و ئەگەرێک بەنرخترین سەرمایەی واتە گیانی خۆی فیدای گەل و نیشتمان دەکات و و دەبێتە هێمای لەخۆبردووی و هێمای بوونی نەتەوەیەک، هەر بۆیە رۆلەکانمان بەوپەڕی ورە و ئیمانەوە لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا سەردار و سەرنانەوەیان پێ ئەو سەر و ئەوپەڕی سەردارییە، لە هیچ چەشنە خەباتێک سڵیان نەکردووە و سڵیش ناکەن.
پێشمەرگایەتی نەک هەر لە بواری نەتەوایەتییەوە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکمانە بەڵکوو لە دەلاقە و روانگەی ئایینییشەوە جێگە و پێگەی خۆی هەیە و تەنانەت واجبی سەر شانمانە، چونکە ئایین فێرمان دەکات کە نابێت چاوەڕوانی قەدەرەکان بین و نابەرپرسانە دەستەوەستان دابنیشین، بەڵکوو دیفاع لە شەرافەت و کەرامەت و زێد و نیشتمان، ئەرکی هەموانە و رازی بوون بە ناعداڵەتی بە دەنگ نەهاتن لە بەرانبەر نابەرابەری و بە هانا نەچوونی زوڵم لێکراوان و پێشگری نەکردن لە چەوسێنەران نەک هەر لە مرۆڤی بڕوامەند ناوەشێتەوە بەڵکوو بەرپرسایەتی قیامەتیشمان دێتە سەر، هەر وەک خەباتی زۆرینەی پێغەمبەریشمان بریتی بووە لە خەبات دژی چەوسانەوە و سڕینەوەی تاک رەوی و دیکتاتۆریی و رێزگرتن بووە لەهەر تاک و کۆمەڵێک بە ژیانی وەک یەک و بژێوی وەک یەک.
هەر بەرز و پیرۆز بێت رۆژی پێشمەرگە
وسلام علیکم و رحمت اللە و برکاتە
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران