کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن پێشمەرگەم ناسی! (قادرئەلیاسی)

13:07 - 26 سەرماوەز 2712

قادرئەلیاسی


هێشتا منداڵ بووم، ئەو رووداوە رووی دا، لە رۆژێکی هاویندا کە خەڵکی دێ سەرقاڵی کۆ کردنەوەی بەروبووی ساڵ بوون، رووداوێکی سەرنجڕاکێش رووی دا، بە جۆرێک دواتر لە ژیانی مندا بوو بە رۆژێکی لەبیر نەکراو.
ئەو ساڵە پەڵە زەوییەکەی بەر ئاواییمان کردبوو بە گەنم، وەک دواتر بۆمیان گێڕایەوە، گەنمێکی چاکی هێنابوو. سوار لە نێویدا نوقم ئەبوو، گەنم پێگەیشت بوو و باوکم بەنیاز بوو، لەو رۆژانەی داهاتوودا دەست بکا بە دروێنەی.
کات لە دوا نیوەڕۆ لای دابوو و نزیکی خۆراوا بوو کە تەقە دەستی پێ کرد، خەڵکی دێ، یەک یەک و دوو دوو، لە ماڵ وەدەرکەوتن، باوکم بە چەپۆکە ئەیکێشا بە سەر خۆیدا و ئەیوت: رۆڵەم رۆ، هەم ماڵم سووتا و هەم ژیانم شێوا، دایکم رووی خۆی ئەڕنی.
حەمەکەریمی دراوسێمان بەرەو پیری باوکم هات و بە پەرۆشەوە پرسی: ئەمانە چۆن گەیشتنە ئەو شوێنە؟ ئەی باشە چۆن پێیانزانیون؟
باوکیشم لە داخانا لێوی خۆی ئەگەست و بەردەوام ئەیکێشا بە سەر خۆیدا، چەند کەسیتری ئاوایی هاتن و هەمان قسەی حەمەکەریم یان دووپات دەکردەوە، ئاخرەکەی باوکم خۆی پێڕانەگیرا و هاتە قسە: باشە خەڵکینە، من رزقی ئەو ساڵی خێزانەکەم سووتا، ئیتر بۆ ئەشم کەن بە هاوکاری ئەوانە؟ نە ئەزانم ئەوانە کێن و نە ئاگاشم لە بوونیان لەو شوێنە هەبووە، ئیتر بۆ لە من ئەپرسن؟
خاڵۆمارف دڵی باوکمی دایەوە و رووی کردە خەڵکەکە و وتی: براینە، ئەوەی رووی داوە، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، باشتر وایە، لە باتی ئەوەی بە دوای کێشەسازکردنەوە بین، با پێکەوە مشوورێکی نەریمان بخۆین، ئەو هەم ماڵی چووە، هەم مەترسی دیکەشی لە سەرە.
باوکم بە بیستنی ئەو قسانەی خاڵۆمارف، ئاهێکی وەبەر هاتەوە و دەستی لە چەپۆکەسەرەی خۆی هەڵگرت.
کاتی رووداوەکە ئەوەندە منداڵ بووم، لە شتە سادەکان نەدەگەیشتم، تا بگا بە واتای ئەو رووداوە، ئەو رۆژە ئەو کێشەیە رووی دا، تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە ئەوانە کێ بوون خۆیان لە نێو گەنمەکەی ئێمەدا حەشار دابوو؟ بۆچی گەنمەکەیان سووتاند؟ لە خۆمەوە رقم لێیان دەبۆوە، بە تایبەت زستانی دوای ئەو رووداوە برسیەتییەکی زۆرمان کێشا. هەر کە داوای نانم ئەکرد، دایکم ئەیوت: رۆڵەگیان نانمان نییە، ئەی گوایە نەتزانیوە هاوینی رابردوو خەلەکەمان سووتا؟
سکی برسی و تەسەی* خاڵی، بەردەوام زۆری بۆ دەهێنام کە بیر لەو رووداوەی هاوینی رابردوو بکەمەوە، ئەوانە کێ بوون؟ لەگەڵ کێ شەڕیان دەکرد؟ ئەی بۆ خەڵکی ئاوایی هیچیان پێ نەکرا؟ هەندێ وەڵامی کورت و پچڕپچڕم دەبیست کە کێشەکەی زیاتر لێ ئاڵۆز دەکردم.
چەند ساڵ بە سەر ئەو رووداوەدا تێپەڕی و منیش هەستم دەکرد دەتوانم لە هەندێ شت تێ بگەم، بە تایبەت کە رێژیمی پاشایەتی خەریک بوو دەڕووخا، من ئەو کاتە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بووم. رۆژێک لە دایکمم پرسی: دایەگیان، من ئێستە چەند ساڵ تەمەنمە؟
دایکم وەڵامی دایەوە: ئەو ساڵە گەنمەکەمان سووتا، تۆ ٣ ساڵان بووی.
لە گەڵ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرت، دیسان رووداوی گەنمەکەم وەبیرهاتەوە، بۆیە پرسیم: ئەی دایە، ئەوانە کێ بوون، گەنمەکەی خۆمانیان سووتاند؟
دایکم بە کەمێک ترس و لەرزەوە هاتە وەڵام و وتی: رۆڵەگیان، ئەترسم بۆتی باس بکەم و تۆش بۆ خەڵکی دیکەی بگێڕیتەوە! ئیتر قوڕ ئەکرێ بە سەرمانا و ئەو وەخت رەنگە بەرپرسانی دەوڵەت بێن و هەمیسان باوکت بگرنەوە.
خۆم لە دایکم پتر نزیک کردەوە و بە پاڕانەوە و لاڵانەوە هەمتر پرسیارەکەم دووپات کردەوە، دایکیشم وتی: رۆڵەگیان، ئەو بەیانییە پێش لە رووداوەکە، باوکت هەرچی نان و پێخۆری ئامادەمان هەبوو، پێچایەوە و لە ماڵ وەدەر کەوت، ئەو پارچە زەوییەی خۆشمان کە کردبوومان بە گەنم، وەک ئەزانی زۆر لە ماڵەوە دوور نییە. کەوێڵێکی تێدابوو، کۆمەڵێک پێشمەرگەی ماندوو کەلە رێی دوورەوە هاتبوون، خۆیان لەوێدا حەشار دابوو. خەلەی ئەحە کە دیاربوو ئەوە یەکەم جاری نەبوو سیخوڕی بۆ رێژیم بکا، ئەکەوێتە دوای باوکت و شوێن پێی هەڵئەگرێ هەتا دەگاتە نزیکی پێشمەرگەکان، هەر کە ئەزانێ ئەوانە پێشمەرگەن، ئەگەڕێتە ماڵەوە و لەوێشەوە بە هەڵەداوان خۆی ئەگەیەنێتە نزیکترین پێگەی رێژیم و هەواڵەکەیان پێڕادەگەیەنێ، پێگەی رێژیمیش دوای دڵنیا بوون لە راستی هەواڵەکە، لە رێگای بێتەلەوە داوای هێز دەکا، ئەوە بوو دوانیوەڕۆی ئەو رۆژە، تەقە لە نێوان هێزی رێژیم و پێشمەرگەدا دەستی پێ کرد.
چوومە نێو قسەکانی دایکم و پرسیم: پێشمەرگە کێیە؟
دایکم وەڵامی دایەوە: کوڕ و کچی ئەم خەڵکەن. داوای مافی کورد دەکەن. ئێژن: کوردیش مافی خۆیەتی بە زوانی خۆی بخوێنێ، جلوبەرگی خۆی لە بەرکا و لە جیاتی ئەوەی لە شوێنەکانی ترەوە بەرپرسی دەوڵەتی بۆ بنێرن، با لەم خەڵکەی خۆی بێ. ئەوە نییە رۆڵەگیان، تۆ لە حاڵێکدا هێشتا بە سەختی بە زوانەکەی خۆت قسە ئەکەی، ئەبێ بە فارسی بخوێنی، کوڕەکەم، پێشمەرگە بۆ وەدەست هاوردنی ئەو ئامانجانە شەڕ ئەکا.
لێرەدا خەریک بوو، مێشکم بتەقێ، بۆیە جارێکی‌تر قسەکانم بە دایکم بڕی و پرسیم: ئەگەر پێشمەرگە بۆ مافی ئێمە شەڕ ئەکەن، ئەی بۆ گەنمەکەی خۆمانیان سووتاند؟
دایکم لە کاتێکدا خەریکی ئامادە کردنی خواردنی نیوەڕۆ بوو، وتی: کاتێک هێزی دوژمن بە هەموو چەکێکی سووک و نیوەقورسەوە هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە، چوون شوێنی پێشمەرگەکان چڕ و بژوێن بوو و بۆ دوژمن بە باشی نەدەبینرا، سەرەنجام دەستیان کرد بە تەقاندنی گوللەی ئاگرین، لە ئاکامی هاویشتنی ئەو گوللە گڕدارانەدا گەنمەکە گڕی تێبەربوو و سووتا.
ئەو کاتە زانیم کە ئەوە چەکدارەکانی رێژیم بوون گەنمەکەی سووتاندووە، نەک پێشمەرگە، بۆیە لە خۆمەوە، کەوتمە سەرکۆنە کردنی خۆم.
دایکم دوای ئەوەی راستی رووداوەکەی بۆ باس کردم، درێژەی بە باسەکە دا و وتی: ئەو ساڵە تەنیا بەرهەمەکەمان نەسووتا، بەڵکوو باوکیشتیان راپێچی گرتووخانە کرد و خەریک بوو، بە تاوانی یارمەتی دانی پێشمەرگە بیکوژن. لە بەر ئەوەی خلەی سیخوڕ چەند رۆژ دوای ئەو رووداوە، بە دەست پێشمەرگەکان بە سزای خۆی گەیشتبوو و کوژرابوو، کەسی‌تر نەبوو، سکاڵا لەسەر باوکت تۆمار بکا، بۆیە دوای دوو ساڵ رزگاری بوو.
دیسانەوە چوومە نێو قسەکانی دایکم و وتم: کەواتە ئەو دوو ساڵەش بەردەوام لە وەڵامی مندا، ئەتوت باوکم چووە بۆ کرێکاری و لە شارە دوورە دەستەکانی ئێراندا خەریکی کرێکارییە، راست نەبوو، بەڵکوو لە زینداندا بووە؟!
دایکم وێڕای سەلماندنی قسەکانم، وتی: زۆر شت کاتی خۆی رووی داوە، بەڵام ئێمە نەمانتوانیووە و نەمانوێراوە باسی بکەین، لە ترسی دوژمن و گزیر و سیخوڕەکانی، خۆمان لە درکاندنی راستییەکان بواردووە. ئێستەش ئەوە پەنا بە خوا دەسەڵاتی ئەم رێژیمە خەریکە بەرەو نەمان ئەچێ. ئەگینا کێ ئەیوێرا باسی رووداوەکان وەک خۆیان بکا؟
زانیم دایکم زۆر ماندووە، بەڵام پرسیارێکی دیکەم مابوو، نەمدەتوانی هەر وا بە سەریدا تێپەڕم، بۆیە رووم کردە دایکم و پرسیم: دایە، توو خوا ئەو رۆژە کە گەنمەکەمان سووتا، پێشمەرگەکانیش مردن؟
دایکم بە هەستێکی دایکانەوە هاتە وەڵام وتی: نە، رۆڵەگیان، خوا نەکا، پێشمەرگەکان کە بە جموجۆڵی دوژمنیان زانیبوو، زۆر بە پەلە شوێنەکەیان بەجێهێشتبوو و چووبوون لە پشتەوە هێرشیان کردبووە سەر هێزی دوژمن. لە ماوەی یەک کاتژمێردا دوژمنیان تێکشکاند و وایان لێ کردن، بە سەر شۆڕییەوە بەرەو پێگەکەیان هەڵبێن، وەک پێشتر بۆم باس کردی، چەند رۆژ دوای ئەو رووداوەش، شەوێک پێشمەرگەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خلە و دوای ئەوەی گرتیان. بردیان و لە سەر ئەو تەپۆڵکەیەی بەرامبەر دێدا، بە تاوانی کردەوە دژی گەلییەکانی کوشتیان.
لە دوای ئەو رۆژە و بیستنی چۆنیەتی روودانی راستەقینەی گەنم سووتاندنەکە، باشتر پێشمەرگەم ناسی و لە باتی ئەوەی رقم لێیان بێتەوە، خۆشم ویستن، چونکە دایکم ئەیوت: ئەوان بۆ رزگاریی کوردستان و نان و ئازادی کورد گیانی خۆیان بەخت دەکەن، ئەگەر بە ناچاری تووشی شەڕیش ببن، هەوڵ دەدەن کەمترین خەسارەت وەبەر خەڵک بکەوێ.
کە رێژیمی پاشایەتی رووخا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جێی ئەوی گرتەوە، بە هەموو هەست و هزر و بیرێکەوە لە پێشمەرگە و ئامانج و ویست و داوخوازەکانی ورد بوومەوە، تێگەیشتم ئەوە خەڵکە کوڕ و کچی خۆی پەروەردە دەکا هەتا بیانێرێتە ریزی پێشمەرگە، هەر وەها ئەوە زەبر و زەنگی داگیرکەرانە وا لە کوڕ و کچانی کورد دەکا، ببنە پێشمەرگە و چەکی بەرگری و دیفاع بکەنە شان. لە سۆنگەی ئەو راستیانەدا بوو، چەند ساڵ دواتر کە بۆ خۆشم بووم بە پێشمەرگە و چوومە ریزی خەباتگێڕانی گەلەوە، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت، ئەگەر سەرجەم برسیەتی و ماندووبوونەکانی ژیانی منداڵیم کۆ بکەمەوە، ناگاتە تاقە رۆژێکی ژیانی پێشمەرگایەتی، لە ژیانی ئاساییدا خەڵک برسی دەبێ، بەڵام ژیانی لە مەترسیدا نییە، کەچی لە پێشمەرگایەتیدا وێڕای برسیەتی و تینوویەتی و ماندوو بوون، مەترسی ئەوەش لە گۆڕێ دایە کە رەنگە دوژمن لە هەر کات و ساتێکدا هێرش بکاتە سەرت و تووشی شەڕ و مردن ببی.
ئێستا کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ بە سەر ئەو رووداوەی گەنم سووتاندنەکەدا رادەبرێ، بە هەموو هەست و هزر و بیرێکی کوردانەوە لە بەرامبەر گەورەیی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگەدا سەردادەنەوێنم و دەبێژم: ئەو وتەیە کە پێشمەرگە بە باسکی بە هێزی گەل و پارێزەری شەرەف و کەرامەت و سەروەری نەتەوەی کورد، پێناسە دەکا، بە هەق لە جێی خۆی دایە، بۆیە یاد و بیرەوەی خەباتی ئەو رۆڵە خەباتگێڕانە هەر دەم لە دەفتەری بیرەوەری میلیۆنان کوردی تینووی ئازادی و سەربەستی کوردستاندا دەمێنێتەوە، ئەو مەشخەڵەی ئەوان هەڵیان کردووە، ئەوەتا لە باشووری کوردستاندا رووناکی دەبەخشێ و هاکا لە قامیشلۆ و کرماشان و ئامەدیش وڵات تیشکاوێژ بکات!
ماوەتەوە، لە خاوەن پێنووسەکان بخوازم: ژیان و خەباتی پێشمەرگە بنووسن هەتا مێرمنداڵانی داهاتووی ئەو خاک و ئاوە بزانن کە پێشمەرگە رۆڵەی بەوەفای گەلی خۆیەتی و بە خوێنی گەشی داری ئازادی ئاو دەدا تا بۆ کورد و کوردەواری بێتە بەر.
* تەسە: تەشت، ناندێن، ئەو دەفرەی لە گوندەکاندا نانی تێدا هەڵدەگرن.