کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات بەڕێوە چوو

15:15 - 26 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: رێوڕەسمی رۆژی ٢٦‌ی سەرماوەز بە ئامادە بوونی سکرتێری گشتی، ئەندامانی رێبەری، كادر، پێشمەرگە و بنەماڵەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، لە بنكەی دەفتەری سیاسی بەڕێوە چوو.


بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەر لەبەیانی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٦‌ی سەرماوەز، رێوڕەسمەكە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و راگرتنی خوڵەكێك بێ‌ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد.
دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیەوە پێشكەش كرا.
بەڕێز جەهانگیری وتی: لەم رۆژەدا یەكەم جەریقەی بەرخۆدان ‌و یەكەم مەشغەلی خەبات بۆ بەدەست هێنانی ئازادی ‌و مافی نەتەوەیی هەڵكرا وچرای هیوا و ئۆمێد بە دوارۆژ لە دڵ و دەروونی رۆڵەكانی كورددا گەشایەوە و پایتەختی داگیركەران ‌و زاڵمانی شوڤەنیستی هەژاند و داری بێ‌ هیوایی لە نێو جەرگی دژە مرۆڤەكاندا چەقاند.
جەهانگیری لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەدا، پێشمەرگەی كوردستان رۆڵەی بە ئەمەگی گەلی كوردە ‌و تایبەت بە هیچ توێژێكی كۆمەڵگا نییە ‌و ژن، پیاو، لاو، بەساڵاچوو، خۆێندەوار ‌و نەخۆێندەوار رێزەكانی پێشمەرگایەتیان بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ستەم ‌و زۆرداری داگیركەرانی كوردستان هەڵ بژاردووە ‌و هەر كامەیان كاریگەریی تایبەتی خۆیان لە رەوت ‌و پێشڤەچوونی خەباتی مافخوازانەی گەلەكەیان لە سەنگەری پێشمەرگاتیدا بووە.
رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات وتیشی: رێبەرانی پێشمەرگە ‌و پێشمەرگەكانی رێبەر كە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد حازر بوونە خۆێنی سووری خۆیان فیدای ئامانجەكانی نەتەوەی خۆیان بكەن ‌و بەو خۆێنە بە ناحەق رژاوەی خۆیان مرۆڤ دۆستی ‌و باوەڕی قووڵی پێشمەرگەیان بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی بەرحەقی كورد نیشان دەدا ‌و لە هەمان كاتدا خۆێنرێژی دۆژمنانەكانی كورد، ناحەقی ناڕاستی ‌و ناپاكی ئەوانی لە هەر كاتێك زیاتر نیشان دەدا .
لە بڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا گورانیەك لە ژێر ناوی وتەی پێشمەرگە لەلایەن نێعمان مەلەكیەوە پێشكەش بە بەشداران كرا.
لە درێژەی رێوڕەسمەكەدا پەیامی یەكیەتییەكانی لاوان، ژنان و خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن جەلال رەوانگەرد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گشتیی یەكیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چەپكە گوڵێك لەلایەن یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە پێشكەش بە پێشمەرگەكانی حیزبی دێمۆكرات كرا.
بڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكە شێعرێك بوو لە ژێر ناوی من پێشمەرگەم كە لەلایەن زەینەب عەسرییەوە خوێندرایەوە.
لەو رێوڕەسمەدا بەمەبەستی رێز گرتن لە خەبات و تێكۆشانی پێشمەرگەكانی دێمۆكرات، بەو پێشمەرگانەی كە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ریزەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران دان لەوحی رێز لێنان پێشكەش كرا.
گوڵێ‌ ئیبراهیمی، ئەعزەم رەحمانی، ئیدریس هورموزی، ئیسماعیل ئەرجومەندی، عارەف شیرین سوخەن و ئیسماعیل قادرزادە ئەو هاوڕییانە بوون كە لەوحی ٢٠ ساڵەی پێشمەرگایەتیان پێ‌ بەخشرا.
لەبڕگەیەكی دیكەی رێورەسمەكەدا سروودی پێشمەرگەی هەڵمەت بەر لەلایەن كۆرسی كۆڕی هونەری حیزبی دێمۆكراتەوە خوێندرایەوە.
بڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكە شێعرێك لە ژێر ناوی پێشمەرگایەتی عیشقە و پێشمەرگە عاشقە لە خوێندنەوەی حیكمەت نەبی زادە، بوو.

لەبڕگەیەكی دیكەدا گرووپی دەف نەوازی سەما بە لێدانی دەف كەشێكی پڕ لە شادییان بە رێوڕەسمە بەخشی.