کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دانمارک سمیناری ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوەچوو

12:52 - 27 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سمینارێک لە شاری ئالبوورگ لە دانمارک، بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز ، کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئالبۆرگی وڵاتی دانمارک، سیمینارێکی بەبۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان پێک هێنا.
سەرەتای سیمینار بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و پاشان، بڕگە و بابەتەکانی سمینارەکە لەلایەن عەبدوڵڵا مەحموودیان بەڕێوەبەری سمینارەکەوە بە بەشداران ناسێندرا.
دواتر زاهیر بەدری پێشمەرگەی دێرینی کوردستان بە گێڕانەوەی باسێک لە ژیانی پێشمەرگایەتیی سمینارەکە دەستی پێ کرد.
لە پانێلی یەکەمی ئەم سمینارەدا عەلی خانی و کاک هیمداد، دوو پێشمەرگەی دێرینی کوردستان، تیشکیان خستە سەر پێک هاتنی سوپای میللیی کۆماری کوردستان و دیاری کرانی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بۆ ئەو سوپایە و هەروەها دیاری کرانی رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و پێکهێنەری هێزی پێشمەرگە واتە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.
لە پانێلی دووهەمی سمینارەکەدا هەرکام لە ئەحمەد خانی و ئەمیر پاڵانی و کاووس عەزیزی، لەسەر ئەرک و رۆڵی پێشمەرگە لە بزاڤی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد و رەفتاری پێشمەرگە لەگەڵ دیلەکانی مەیدانی شەڕ و کۆمەڵێک نموونەی پێوەندیدار بە پێشمەرگە و ٢٦ی سەرماوەزیان باس کرد.
ئەبووبەکر ئیسماعیلی و ئەمیر پاڵانی هەرکامەیان بە پێشکەش کردنی پارچە هەڵبەستێک بۆ پێشمەرگە، هەستی خۆیان لەو رۆژەدا دەربڕی.
دوا بەشی سیمینارەکەش گێڕانەوەی بیرەوەری و قەدردانی لە پێشمەرگەی کوردستان بوو کە ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان بیرەوەریی خۆیان باس کرد.
سیمینارەکە به پێشکەش کردنی چەپکەگوڵ بە پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، کۆتایی پێ هات.
لە نێوئاخی ئەم سمینارەدا چەندین کورتە فیلم لەسەر ژیان و خەبات بەرخۆدانەکانی پێشمەرگەی کوردستان نمایش کران.