کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆباما: ئێمە هیچ پوانێکمان نەداوە و تەحریمی قورس چاوەڕوانی رێژیمی ئێران دەکات

18:00 - 28 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێمە لە وتووێژەکانی ئەستانبووڵدا هیج پوان(امتیاز)ێکمان بە رێژیمی ئێران نەداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، سەرکۆماری ئەمریکا گوتوویەتی: هیچ پوانێکمان بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران نەداوە و ئەگەر ئێران لەو وتووێژانەدا کەڵکی باش وەرنەگرێت و سەرکەوتوو نەبێت، تەحریمی قورس‌تر چاوەڕوانی ئێران دەکات.

ئەو قسانە باراک ئۆباما له وڵامی قسەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل بوون کە گوتبووی: من هەست دەکەم دیاری پێشکەش بە رێژیمی ئێران کراوە و ئەو رێژیمە ٥ حەوتووی دیکە دەرفەتی بە دەست هێناوە لەو ماوەیەشدا بە بێ پێشگیری ئورانیۆم چڕ بکاتەوە.

ئۆباما گوتوویەتی: پەیامی ئێمە سەبارەت بە بەرنامە ناوکیی رێژیمی ئێران روون و ئاشکرایە و ئێمە ئیزنی ئەوە نادەین کە وتووێژەکان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە درێژە بکێشێت.

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راشیگەیاندووە: هیچ دیارییەک بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران نەدراوە و تەحریم‌گەلێکی قورس‌تر لە جاران لە مانگەکانی داهاتوودا چاوەڕوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکات.