کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ \"هیوا مورادیان\" کوڕی شەهیدێکی رێگای رزگایی کوردستان

20:09 - 28 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز هیوا مورادیان پێکهێنا.
هیوا مورادیان: هەست کردن بە زوڵم و زۆری لە رادەبەدەری رێژیم لە لایەک، نەبوونی هیوا بە ژیان، ناڕوون بوونی ژیانم لە ئێران، ترس لە داهاتوو و باوەڕ بە خەبات لەپێناو ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، بوون بەهۆی ئەوە کە ژیانی پێشمەرگایەتی و دوور کەوتنەوە لە ژیانی ئاسایی هەڵبژێرم.

رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جگە لە قارەمانەتی و لەخۆبردوویی پێشمەرگەکان، بنەماڵەی ئەوانمان دەخاتەوە بیر، ئەوان چەکیان لەسەر شان نەبوو، بەڵام ئەوەندەی پێشمەرگەکان ئازا بوون و هێندەی ئەوانیش ئازاریان چێشتووه.
هیوا مورادیان یەکێک لەو کەسانەیە کەلە بنەماڵەیەکی پێشمەرگە لە دایک بووە و ژیاوە. هیوا مورادیان پێش ئەوەی لە ١٤ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە گوندی تەنگیسەری سەربە شاری سنە، لە دایک بێت، باوکە پێشمەرگەکەی ئیعدام دەکرێ‌. هیوا لەسەر بارودۆخی خۆی وەکوو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر، لە ناوچەیەکی پێشمەرگەپەروەر ئاوا دەدوێ: دۆخی نالەباری سیاسی، میلیتاریزە بوونی کوردستان بەگشتی و ناوچەی ئێمە بەتایبەتی لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە هەلومەرجی خراپی ئابووریی بنەماڵەکەمان، بوون بەهۆی ئەوەی کە تەنیا یەک ساڵ دەرس بخوێنم. هەر ئەو بارودۆخە نالەبارە ناچاری کردم لە تەمەنی ٩ ساڵیدا، کاتێک کە هاوتەمەنەکانی من لە دونیای منداڵانەی خۆیاندا دەژیان، من رێگای شارەکانی سنە و دواتر ئەهواز و ئابادان بگرمە بەر و دەستم دایە کارکردن بۆ ئەوەی بتوانم بژیوی ژیانمان دابین بکەم.
هیوا ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ناچار دەبێ کوردستان بەجێ بێڵێ و رێگەی پێشمەرگایەتی بۆ خاک و گەلەکەی بگرێتە بەر.
دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:
کوردستان میدیا: تەمەنت چەند ساڵ بوو کە باوکت ئیعدام کرا؟ لەو سەردەمەدا هەستت بە جیاوازی لەگەڵ خەڵکی دیکە دەکرد؟
هیوا مورادیان: بە داخەوە من هێشتا لە دایک نەبووم کە باوکم و یەکێک لە مامەکانم ساڵی ١٩٨٢ی زایینی هاوکات لەلایەن رێژیمەوە دەستبەسەر کران و ١٧ مانگ دواتر، واتە لەو ساڵەدا کە من لە دایک بووم، هەر دووکیان (بابم و مامم) لەسێدارە دران و من لە نیعمەتی خۆشەویستیی باوک بێ‌بەش کرام. لەو کاتە کە بووم بە خاوەنی هەست و دەرک، هەمیشە نەبوونی باوک کەلێنێک بووە لە ژیانمدا و ئەو کەلێنە ئێستاش هەست پێ دەکەم.
کوردستان میدیا: باوکت و مامۆت چۆن لە سێدارە دران؟
هیوا مورادیان: وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، باوکم و مامم ساڵی ١٩٨٢ی زایینی بە تاوانی چالاکیی سیاسی و حیزبی گیران و پاش ١٧ مانگ ئەشکەنجە و ئازار، ساڵی ١٩٨٤ی زایینی لە شوێنێکی نادیار لەسێدارە دران کە بە داخەوە هەتا ئێستاش کەس نازانێ جەنازەکەیان لە چ شوێنێکە و هیچ کات تەنانەت رێژیم ئەوەشی پێ رەوا نەبینین و سەردانی گۆڕەکەیان بوو بە ئاوات بۆمان.
کوردستان میدیا: بەڕای تۆ بۆچی هەردووکیان لە یەک رۆژدا ئیعدام کران؟ تەنانەت رێژیم گۆڕەکەشیانی بە ئێوە پیشان نەداوە؟


هیوا مورادیان:
ناوچەی ژاوەرۆ، بەتایبەت گوندەکانی تەنگیسەر و نییەر، هێما و سەمبولی خەبات و بەرخۆدانن لە کوردستانی ئێراندا، بۆیە رێژیم بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی ئەو ناوچانە کۆمەڵێک کاری نامرۆڤانەی وەکوو سووتاندنی گوندی تەنگیسەر و ئەشکەنجە و ئازار دانی خەڵکی ناوچە و ئێعدامی لاوە شۆڕشگێڕەکان بەڕێوە برد.
کوردستان میدیا: پاش ئیعدامی ئەوان رەوشی بنەماڵەی ئێوە چۆن بوو؟ مەبەست لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ... هتد.
هیوا مورادیان: پاش ئێعدامی باوکم، سەرپەرستیی من و تەنیا خوشکەکەم کەوتە ئەستۆی دایکی دایکم و ناوبراویش لەباری ئابوورییەوە لە دۆخێکی خراپدا بوو. هەر بۆیە من توانیم تەنیا یەک ساڵ دەرس بخوێنم و هەر ئەو هەلومەرجە خراپەش بوو بە هۆی ئەوەی من لە تەمەنی ٩ ساڵاندا بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان رووم لە شارەکانی سنە، ئەهواز و ئابادان کرد و دەستم بەکار کردن کرد، بۆ ئەوەی بتوانم یارمەتیدەر بم لە بەڕێوەبردنی ژیانی دایە گەورە و تەنیا خوشکەکەمدا و هەتا ئەو کاتەی هاتمە کوردستانی عێراق و بوومە پێشمەرگە لە کارکردن بەردەوام بووم.
کوردستان میدیا: ئەگەر چاو لە ژیانی خۆت لە کوردستانی ئێران و پێش ژیانی پێشمەرگایەتی بکەی، بیر دەکەیتەوە کە چ هەلێک، یان هەلانێکت لەدەس داوە بەهۆی ئەوەی کەلە بنەماڵەیەکی سیاسی بووی؟
هیوا مورادیان: وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، نەبوونی باوک، نەبوونی دەرەتانی ئابووری و ... هتد، بوونە بەهۆی ئەوەی کە نەتوانم دەرس بخوێنم و هەموو کاتێک لەو بوارەدا هەستم بە کەلێنی گەورە کردوە و خوێندن بووە بە ئاوات بۆم. جگە لەمەش ئەو بنەماڵانەی کە لە بواری سیاسیدا چالاک بوون، لە زۆر دەرەتانی کارکردن و چالاکی کۆمەڵایەتی بێبەش دەکرێن.
کوردستان میدیا: بۆچی ژیانی پێشمەرگایەتیت هەڵبژارد؟ ئەوە هەر رێگای باوکت و مامۆت بوو؟
هیوا مورادیان: هەست کردن بە زوڵم و زۆری لە رادەبەدەری رێژیم لە لایەک، نەبوونی هیوا بە ژیان، ناڕوون بوونی ژیانم لە ئێران، ترس لە داهاتوو و باوەڕ بە خەبات لەپێناو ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، بوون بەهۆی ئەوە کە ژیانی پێشمەرگایەتی و دوور کەوتنەوە لە ژیانی ئاسایی هەڵبژێرم.

سپاس بۆ هیوا مورادیان بۆ قبووڵ کردنی ئەم وتووێژه