کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی حەفتەیەکدا نزیک بە ١٥٠ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی تورکیه دەسبەسەر کراون

13:30 - 29 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک حەوتوودا ١٤٤ هاووڵاتیی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی تورکیه بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنیەتی وڵات، دەسبەسەر کراون.
ئەم رەشبگیرییە لەشارەکانی باتمان، هەکاری، ماردین، سێرت، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی تورکیەوە ئەنجام دراوە.


ماڵپەڕەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیە، تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و ئەندامەتیی لە حیزبێکی چەکداری دژبەری حکوومەتی تورکیەیان داوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوانە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ویستی ئەو هاووڵاتیانە بە فەرمیی ناسینی زمانی کوردی، پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی کورد لەو وڵاتە و ئازاد کردنی عەبدوڵڵا ئوجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بووە.

ئەم ١٤٤ هاووڵاتییە کوردە، لە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی هەتا ٢١ی سەرماوەز لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی تورکیەدا دەسبەسەر کراون.
لە نێو ئەو دەسبەسەر کراوانەدا شارەوانیی شاری سەعرەت بەرچاو دەکەوێت کە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ گروپێکی دژبەری تورکیە دەسبەسەر کراوە.

ماوەیەکە شەپۆلێکی بەرین لە دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستی پێکردووە.
پێشتریش لە ماوەی رۆژانی ٣ و ٤ و ٥ی مانگی سەرماوەزدا ، ٥٤ هاوڵاتیی کورد لە چەندین شاری وەکوو، شرناخ، هەکاری، ئەزمیر و شەمدینلی دەستبەسەر و رەوانەی ناوەند ئەمنیەتییەکان کرابوون.