کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٦ی سەرماوەز لەوڵاتی نوروێژ بەڕێوەچوو

20:46 - 29 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی نوروێژ، جیژنی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر بڕگەکانی رێوڕەسمەکە لەلایەن بەڕێزان کەژاڵ یووسفی و حەسەن ئاهەنگەری وەکوو پێشکەشکاری ئەو رێوڕەسمە بەبەشداران ناسێندرا.
پاشان پەخشانێک لەژێر ناوی پێشمەرگە لەلایەن هیوا ئەحمەدییەوە پێشکەش کرا و دوابەدوای ئەوەش پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، لەلایەن مریەم عەلی‌پوور بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە، خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پارچە شیعری کوردستان هۆنراوەی جەلال مەلەکشا شاعیر، وەرگێڕ و چیرۆک‌نووسی گەلەکەمان، لەلایەن رامیار فەتحییەوە خوێندرایەوە.
دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە وڵاتی نوروێژ، لەلایەن مونیرە جیهانییەوە خوێندرایەوە.
رێوڕەسمەکە بە گۆرانی و مۆسیقای هونەرمەندان و هەروەها گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێهات.