کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران لە پێناوی ژیاندا/ راپۆرتی کوردستان میدیا لەبارەی کۆڵبەرانی کوردی سەر سنوور

15:24 - 1 بەفرانبار 2712

مانگی سەرماوەز

کوردستان میدیا: لە ماوەی مانگی سەرماوەزدا ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامی ــ ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران و سەرمابردووییەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو کۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەکەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانی ئەو کۆڵبەرانە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەر لە سەرەتای مانگی سەرماوەزدا دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بانە لە ناوچە سنوورییەکان کەوتنە بەر تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران و گیانیان لەدەست دا.
محەممەد حاجی لەتیف خەڵکی ئاوایی کێوەڕۆ و سەلاح خەڵکی سماقانی سەربە بانە ئەو دوو هاووڵاتییە بوون کە رێکەوتی ١ی سەرماوەز بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی گیانیان لەدەست دا.
رێکەوتی ٧ی سەرماوەز کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی عەبدوڵڵا چەمانە تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی سپێدارێ‌ی سەربە سەردەشت کوژرا.
عەبدوڵڵا لە نزیک ئاوایی قەلەرەش کەوتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و گیانی لەدەست دا.
هەر هەمان رۆژ کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی شارام خەڵکی ماکۆ لە ناوچە سنوورییەکان، بەتەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژرا.
ئەو کۆڵبەرانە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان سینگی خۆیان کردۆتە قەڵغان، بەڵام هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی تاران گوێ‌ نادەنە ئەو مەسەڵەیە و هەموو سینگێک دەکەنە ئامانجی چەکەکانیان و برایم جەهان‌ئاراش کاسبکارێکی دیکەی کورد بوو کە بووە ئامانجی تەقەی ئەو هێزانە.
رێکەوتی ١٢ی سەرماوەز برایم جەهان‌ئارا تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە شوێنێک بەناوی خورنجێ ــ سەری مەیدان، لەلایەن هێزەکانی سەربە پاسگای لکبن تەقەی لێکرا و گیانی لێ‌ ئەستێنرا.
لەلایەکی دیکەوە کۆڵبەران سەرەڕای ئەوەی کە ترسی تەقە کردنیان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە هەیە، ترسی مینە چێنراو و رەق هەڵاتن لە سەرما بە ترس و دڵەڕاوکییەکانیان زیاد بووە.
ئەحمە تەمەن ٤٨ ساڵ، کوڕی مام خدر و خەڵکی پیرانشار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بوو کە رێکەوتی ١٥ی سەرماوەز لە کاتی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکاندا بەهۆی سەرماوە رەق هەڵات و گیانی لەدەست دا.
لە درێژەی کوشتنی بەردەوامی هاووڵاتییانی سەر سنووردا، رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز سمکۆ رێحانی تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی مەحموود و خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان گیانی لەدەست دا.
رێکەوتی ٢١ی هەمان مانگیش خالید ئەحمەدپوور خەڵکی مەهاباد، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بوو کە به مەبەستی بژیوی ژیانی رووی کردبووە ئەو پیشە پڕ لە خۆف و مەترسیدارە و لە ئەنجامدا ئەویش بە هۆی دەستڕێژی راستەوخۆ گیانی لێ ئەستێنرا.
سەرجەم ئەو کۆڵبەرانە ئەو بارەی کە بە پشت هەڵی دەگرن زۆر جار لە کێشی خۆیان قورسترە و لەبڕی ئەو کارەدا پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن کە بە زەحمەت دەگاتە ٢٠ هەزار تمەن.
ئەو کەلوپەلانە تەنیا هێندێ شتی‌ وەکوو چایی، شکر، کولێر گازی، پارچە و کەرەسەی بەرقین و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەڵگرانی ئەو کەلوپەلانە تاوان و سزایان کوشتن نییە.