کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی شەوی یەلدا، شەوی لە دایک بوونی دوکتور قاسملوو بەڕێوەچوو

16:14 - 1 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: جێژنی شەوی یەلدا، درێژترین شەوی ساڵ و شەوی لە دایک بوونی رێبەری مەزنی نەتەوەی کورد، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.


بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردستان میدیا، شەوی ٣٠ی سەرماوەز، شەو ئاهەنگێکی شادی بە بۆنەی شەوی یەلدا و ٨٢مین ساڵـڕۆژی لەدایک بوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، بە بەشداریی بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات لە بنکەی دەفتەری سیاسی، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستانی و به هیوای چاک بوونەوەی دۆخی تەندروستیی جەلال تەڵەبانی، سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و گوتی: شەوی شەیلدا شەوی لە دایک بوونی رۆڵەیەکە کە دواتر گەلی کوردی بە جیهان ناساند و هەوێنی رزگاریخوازیی لە دڵی لاواندا چاند.
شەرەفی روو لە لاوانی بەشدار و پێکهێنەری ئەو رێوڕەسمە گوتی: کاتێک دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ٢٣ ساڵ لەوەپێش شەهید کرا، لەوانەیە زۆر کەس لە ئێوە لە دایک نەبووبێتن، بەڵام بەشداریتان لە وەها بۆنەیەکدا، دەرخەری بەرز بوونی کەسایەتی و کاریزماتیک بوونی ئەو مرۆڤەیە کە رێبازەکەی هەتا ئێرە هاتووە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو شەوئاهەنگەدا، بەڕێز حەسەن شەرەفی مۆمی ٨٢مین ساڵەی لە دایک بوونی دوکتور قاسملووی هەڵکرد.
دواتر پەیامی خوشکە نەسرین قاسملوو، هاوسەری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، لەلایەن بەڕێز لەیلا محەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
خوشکە نەسرین لە پەیامەکەیدا وتبووی: ئێوە سەرەڕای ئەوەی کە دەزانن سەختی، دژواری و مەترسی و مەرگ هەموو کات لە بۆسە دایه، بەڵام ئێوە سڵتان لێ نەکردووەتەوە و ئەو رێگایەتان هەڵبژارد، ژیان دێت و دەڕوات و کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەوە ئێوەن کە هەرمان لە دوکتور قاسملووی نەمرەوە فێر بوون.
پاشان پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز سۆران باریکە ئەندامی دەستەی ئیجرایی یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
پاشان دوو پارچە شیعر بە جیا لەلایەن شاعیر گوڵەباخ بەهرامی لەژێر ناوی بۆ یەلداکانی بێ‌قاسملوو و حکمەت نەبی‌زادهوە خوێندارنەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمی شەوی یەلدادا، چەندین پێشمەرگەی دێرین کەلە نزیکەوە چاویان بە دوکتور قاسملوو کەوتبوو، بە گێڕانەوەی یاد و بیرەوەرییەکانیان، کەش و دۆخیکی تایبەتیان بە رێوڕەسمەکە بەخشی.
دواتر بابەک ساوجبڵاخی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات گورانێکی پێشکەش کرد.

پاشان شانۆیەکی کۆمیدی کە لەلایەن گرووپی شانۆکاری بزاڤەوە، نمایش کرا.
رێوڕەسمە بە پێشکەش کردنی کۆنسێرتێک که لەلایەن بەشی مۆسیقای کۆمیسیۆنی پەروەردە و فێرکردنی حیزبی دێمۆکراتەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش بە بەشداران کرا.