کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژیمی ئێرانی به پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ مەحکووم کرد

16:20 - 1 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بڕیارنامەیەکدا رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە تاوانی پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ، مەحکووم کرد.


لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە کە پێویستە هەر چی خێراتر زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن و داواش کراوە کە رێژیمی ئێران لەگەڵ کۆمیساریای مافی مرۆڤ هاوکاری بکات.
ئەو بڕیارنامەیە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣٠‌ی سەرماوەز لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٨٦ دەنگی بەڵێ‌، ٣٢ دەنگی نا و بە ٦٥ دەنگی بێ‌لایەن، پەسند کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بڕیارنامەیەدا باس لەوە کراوە، کەلە حاڵی حازردا لە ئێران ئیعدام، ئەشکەنجە، پێشێڵ کردنی کەمینە مەزهەبی بە شێوەیەکی بەرچاو بەڕێوە دەچێت.
محەممەد خەزاعی نوێنەری رێژیمی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بڕیارنامەیەی بە نادادپەروەرانە لەقەڵەم داوە.
بەر لەوەی کە ئەو بڕیارنامەیە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی بۆ وەربگیردرێ، لە کۆمیتەی سێهەمی ئەو رێکخراوەیەدا پەسند کرابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ٢٩‌ی سەرماوەز مەجلیسی سنا و کۆنگرەی ئەمریکا رێکخراوی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئێرانیان بە هۆی پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ، خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ئەو گامارۆ نوێیە سەرجەم کۆمپانیاکانی وڵاتی ئەمریکا و ئەو کۆمپانییانەی وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا دان، بۆیان نییە هیچ پێوەندییەکی بازرگانییان لەگەڵ رێژیمی ئێران هەبێت و ئەگەریش پێشتر هەیانبووە دەبێ‌کۆتایی پێ‌بێنن.