کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندی سیاسیی زیندانی ورمێ هەڵوەشایەوە/ بارودۆخی زیندانی سەڵماس نالەبارە

13:50 - 3 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات، بەندی ١٢ی ئەو زیندانەیان، کە شوێنی راگرتنی زیندانییە سیاسییەکان بوو، هەڵوەشاندوەتەوە.
ماڵپەڕی هرانا بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بە راگواستنی ژمارەیەک زیندانیی تاوانبار بە مادە هۆشبەرەکان و قەتڵ بۆ بەندی ١٢، دۆخی ئەو بەندەیان بۆ زیندانییە سیاسییەکان مەترسیدار کردووە.
هەڵوەشاندنەوەی بەندی زیندانیانی سیاسی پاش ئەوە هاتە ئاراوە، کە ٥ کەس لەو زیندانییە سیاسییانە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ راگەیەنەکان و ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزران و پەروەندەی نوێیان بۆ دروست کراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە هەمان سەرچاوە لە هەواڵێکی دیکەدا بڵاوی کردووەتەوە، بارودۆخی زیندانی سەڵماس لە بواری تەندروستی، خواردن، جیا کردنەوەی تاوانەکان و کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبەری، لە قەیرانێکی جیدی دایه و ئەمەش ژیانی زیندانیانی زیاتر لە جاران دژوارتر کردووە.
ئازاد بوونی کڕێن و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان، جیا نەکردنەوەی زیندانییەکان بەپێی تاوانەکان، پێڕانەگەیشتن بە سرویسە بێهداشتییەکان لەو هۆکارانەن کە بارودۆخی گرتووخانەی سەڵماسیان زیاتر لە پێشوو ئەستەم‌تر کردووە.