کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ئوریبرۆ لە سوێد رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەچوو

19:14 - 4 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە شاری ئوریبرۆ لە وڵاتی سوێد ر‌ێوڕەسمێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەویندارانی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، دەستی پێکرد.
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا ئاوارە جەلالی بەبۆنەی شەوی یەلدا شەوی لەدایک بوونی دوکتور قاسملوو کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو رێبەرەی خوێندەوە.
پاشان بەڕێز کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات باسێکی سەبارەت بە ٢٦ی سەرماوەز و هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچە پێشکەش کرد و بەڕێزیان لە درێژەی بەسەکەیاندا پەپوولەکانی شیناوێی لە بیر نەکرد و لەم بۆنە پیرۆزەدا سڵاوی گەرمی بۆ ناردن.
هەر لەو پێوەندییەدا پەیامی کۆمیتە لەلایەن سەلاح ئارامشەوە خوێندرایەوە.
دواتر هونراوەیەک لەژێر ناویپێشمەرگە کێیە لەلایەن عەزیز موراد پەرستـەوە پێشکەش کرا و هەروەها سروودێک لەلایەن شنۆ سەحرایییەوە خوێندرایەوە.
بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە باسێک بوو سەبارەت بە ٢٦ی سەرماوەز کە لەلایەن بێهرووز کورد ئەحمەدییەوە پێشکەش کرا.
هەروەها هونەرمەندان عەتا دەرویشی، شۆڕش بۆکانی و نایبە سوور، بە وتنی گۆرانی رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوە.
پەیامی ئەو حیزب و لایەنانە لەو رێوڕەسمەدا پێشکەش کرا:
ــ پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان

ــ پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و کوردان

ــ پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان

ــ پەیامی ماڵپەڕی خاکەلێوە

ــ پەیامی کۆمەڵە، لقی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران

ــ پەیامی حیزبی شیوعیی کوردستان

ــ پەیامی پێشمەرگەی دێرین کاک سەید عەلی هاشمی