کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: درێژە بە تەحریمەکان لەدژی رێژیمی ئێران دەدەین

17:40 - 29 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئەمریکا لە کاتی دانووستانەکانی گرووپی٥ زێدە ١ لەگەڵ رێژیمی ئێران، گەمارۆکان لە دژی ئه‌و رێژیمه توندتر دەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی بی‌بی‌سی، هیلاری کلینتۆن وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکی رۆژنامەوانیدا، گوتوویەتی: لە حاڵێکدا کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ خولی دووهەمی دانووستانەکان لە بەغداد خۆی ئامادە دەکات، ئەمریکا درێژە بە گەمارۆکانی خۆی لە دژی ئەو رێژیمە دەدات.

هەر لەو پێوەندییدا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە کە ئەرکی سەرەکی لە ئەستۆی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە لەسەر دانووستانی بەرنامەی ناوکییەکانی سوور بێت.

هەروەها کلینتۆن گوتوویوتی: لەهەمبەر هەر کردەوەیەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دژکردەوە نیشان دەدەین.

ئەو قسانەی کلینتۆن وڵامدانەوەیەک بۆ قسەکانی وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە کە گوتبووی: ئەگەر رۆژئاوا هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگرێت، ئێرانیش لە چارەسەر کردنی خێرای کێشەی بەرنامەی ناوکی خێراتر دەبێت.

هیلاری کلینتۆن گوتوویەتی: ئەمریکا ئامادەی هاوکاریی بەرانبەرە، بەڵام نەک ئێستا، هەروەها گوتی : رێژیمی ئێران دەبێ بە شێوەیەکی جیدی تێکـڕای ناڕوونییەکانی بەرنامە ناوکییەکەی روون بکاتەوە.

وڵاتانی رۆژئاوایی دەڵێن کە رێژیمی ئێران ئامانجی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی هەیە، بەڵام رێژیمی ئێران دەڵێت کە بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی ئاشتیخوازانەیە.

دانووستانەکانی هەیئەتی رێژیمی ئێران و وڵاتانی ٥ زێدە ١، رۆژی ٢٦ خاکەلێوە پاش ١٥ مانگ لە ئەستانبووڵ بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتییانەی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران دەستی پێ کردەوە.

دەوڵەتی ئەمریکا رایگەیاندووە: جگە لە رێژیمی ئێران هیچ لایەنێک سەبارەت بە لابردنی تەحریمەکان قسەی نەکردووە.

بـڕیارە خولی دووهەمی دانووستانەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ٥ زێدە ١ سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە، لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی لە شاری بەغداد پێتەختی عێراق بەڕێوەبچێت.

پێشتر سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل رەخنەی لە دانووستانەکانی رێژیمی ئێران و رۆژئاوا گرتبوو و گوتبووی لەو پێوەندییەدا دیارییان پێشکەش بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە.