کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ کرێکاری کارخانەی پتروشیمیی فەجری ماهشەهر، دەستیان دایە مانگرتن

19:17 - 5 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ٣٠٠ کرێکاری کارخانەی پتروشیمیی فەجری ماهشەهر لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی کارەکەیان مانیان لە کار کردن گرت.
عەبباس رەزایی چالاکی کرێکاری رایگەیاند، ئەو ٣٠٠ کرێکار کە سەربە کۆمپانیای بەڵێندەری رامپکوو بوون و لە کارخانەی پتروشیمی کاریان دەرکرد، بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، مانیان گرتووە.
ئەو چالاکە کرێکارییە وتی: بەڕێوەبەرانی ئەو کارخانەیە لەهەمبەر ئەو پرسەدا کەمترخەمن و هەوڵی چارەسەریی ئەو کێشەیە نادەن.
ئەو کرێکارانە پێشتریش لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٠دا مانیان لەکار کردن گرتبوو و دواتر لەسەر بەڵێنی لێپرسروان گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
هەر لەو پێوەندییەدا شیرکەتێکی سەنایەعی سەبزی کوردستان کە کاری بەرهەمهێنانی کەرەسەی ئاوبارانی کردنە، بەهۆی گرانی و نەبوونی مادەی خاو، داخرا و کرێکارەکانی لەسەر کار دەرکرد.
ئەو شیرکەتە ٤٥ کرێکاری بە پێشینەی ١٠ هەتا ١٢ ساڵی لەسەر کار دەرکردووە.