کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم کۆڵبەر و کاسبکارانی ناڕازیی بازارچەی پیرانیان دایە بەر لێدان

13:18 - 6 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە کۆڵبەر و کاسبکارانی دەوروبەری شاری مەریوان کە بە نیشانەی پێشگرتن لە کاسبی کردنیان دەستیان دابووە مانگرتن، کەوتنە بەر لێدان و کوتانی هێزە ئینتزامییەکان.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆڵبەر و کاسبکارانی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی دەوروبەری شاری مەریوان بەهۆی زەخت و گوشاری لێپرسراوانی بازارچەی سنووریی پیران دەستیان دابووە مانگرتن و لە بری چارەسەریی کێشەکانیان، بێ‌ حورمەتیان پێکرا.
ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانە خەڵکی ئاواییەکانی نێ‌، دەرەتفێ‌، سەردۆش، دەگا شێخان و سەر نژمار بوون و ناڕەزایەتییان بە بارودۆخی سەر سنوور و پێشگری کردنیان لە کاسبی کردن لەلایەن لێپرسراوانی سنوورەوە، دەربڕیبوو.
هاووڵاتییانی کوردی ناوچە سنوورییەکان بەهۆی بێ‌ دەرەتانی و نەبوونی پیشەیەکی شیاو، روویان لە کاری مەترسیداری کۆڵبەری کردووە و زۆر جاریش ئەو سەرچاوەی ژیانە، بە نرخی لەدەست دانی گیانیان تەواو دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران بە بەردەوامی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور دەدەنە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان و گیانیان لێ‌ دەستێنن.