کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرەفەدین ئەلچی ئەندام پارلمانی کورد لە تورکیە، کۆچی دوایی کرد

15:40 - 6 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: شەرەفەدین ئەلچی پارلمانتار و سیاسەتمەدرای کوردی تورکیە بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئانکارا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شەرەفەدین ئەلچی لە ٢٣ی رەشەمەی ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی، لە ناوچەی جزیرە، سەربە پارێزگای شرناخ، لە دایک بووە و پۆلەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لە ماردین خوێندووە و کۆلێژی مافی لە زانینگەی ئانکارا تەواو کردووە و دواتریش لە شاری ئامەد دەستی بەکاری پارێزەری کردووە.
ئەو کەسایەتییە کاتێک کە هێشتا قوتابی بوو لە چوارچێوەی دۆسییەی ناسراو بە ٤٩ کە تایبەت بەو کەسانە بوو کە رێبازی کوردایەتییان گرتبووە بەر، دادگایی کرا و هەروەها رێکەوتی ٢٦ رەشەمەی ١٣٤٩ی هەتاوی، لە سەر دۆسیەی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی تورکیە لەلایەن دادگای نیزامیی شاری دیاربەکرەوە بۆ ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەر کرا.

ئەلچی ساڵی ١٩٧٣ بۆ پۆستی وەزیری دیاری کرا و دواتر کە کوردایەتی خۆی راگەیاند بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەسبەسەر کرا.
شەرەفەدین ئەلچی وەکوو ئەندام لە نێو چەندین پارتی سیاسیدا چالاکی هەبووە و دواتریش ئەو پارتانە لەلایەن دادگاوە بە نایاسایی لەقەڵەم دراون و داخراون و دواتر بوو بە سەرۆکی پارتی دێمۆکراتی بەشدار کەلە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا دامەزرابوو.
ئەو کەسایەتییە سیاسییە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١دا لە ئامەد وەکوو پارلمانتاری سەربەخۆ سەر بە لیستی BDP هەڵبژێردرا.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخ بوون لە کۆچی دوایی بەڕێز شەرەفەدین ئەلچی کەسایەتی ناسراوی کورد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و دۆستانی دەکا و هێواش دەخوازێ رێگای خەبات و تێکۆشانی پڕ رێبوار بێت.