کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ٥ چالاکی کوردی خەڵکی مەهاباد بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە زێد و نیشتمانی خۆیان بە جێ‌ هێشتووە

19:27 - 6 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی دوو هەتا سێ‌ مانگدا، ٥ چالاکی فەرهەنگی، خوێندکاری و سینەماکاری شاری مەهاباد بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە، بە ناچاری وڵاتیان بەجێ‌ هێشتووە.
ئەو ٥ هاووڵاتییە بە بەردەوامی زەخت و گوشارییان لەسەر بووە و بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و دوو کەسیشیان بەبێ‌ ئامادە بوونی خۆیان، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی رێژیمی ئێرانەوە، ٩ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

3195.jpg


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاهۆ حوسێنی مامۆستا و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان، ماوەی چەند مانگ لەمەوبەر بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بەبێ‌ ئامادە بوونی خۆی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا.
ئەو چالاکە فەرهەنگییە، رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و رێکەوتی ٧ی پووشپەڕ بە دانانی ٨٠ میلیۆن تمەن بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
شاهۆ حوسێنی خوێندکاری ساڵی ئاخری کارناسیی باڵای رشتەی زانستە سیاسییەکانی زانستگای ئیمام خومەینیی قەزوین بوو.

3196.jpg


بەفرین حوجەتی ژنە ئەکتەری خەڵکی شاری مەهاباد، چالاکێکی دیکەی فەرهەنگی بوو کە بە ناچاری پەڕیوەی وڵاتانی دیکە بوو.
ئەو ژنە ئەکتەرە ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر و دواتر بە دانانی وەسیقە ئازاد کرابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی رێژیمی ئێران لەشاری مەهاباد ئەو چالاکە فەرهەنگییەی بەهۆی دەورگێڕان لە درامایەکی تەلەفیزیۆنی و بڵاوبوونەوەی لە یەکێک لە شبکەکانی دەرەوەی ئێران بەبێ‌ ئامادە بوونی خۆی بە ٤ ساڵ زیندان حوکم دا.

3193.jpg


لە درێژەی زەخت و گوشارەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا بۆسەر چالاکانی کوردی خەڵکی مەهاباد، رێکەوتی ١٦‌ی سەرماوەز دیاکۆ خەیات، چالاکی خوێندکاری بەهۆی گوشاری حەراسەتی زانکۆی تاران و هەڕەشەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و چاوەدێری کردنی، ئێرانی بە جێهێشت.
ئەو چالاکە خوێندکارییە لەمانگی خەرماناندا لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی هاوکاری و هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا و دواتر بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە حوکمەکەی و پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی، حوکمەکەی کرا بە ٢ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ و نیو هەڵپەسێران.
دیاکۆ خەیات، خاوەنی بڕوانامەی کارناسیی باڵای ئابووریی زانستگای تاران و هەروەها بڕوانامەی لیسانسیشی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە.

3197.jpg


نیشتمان حوسێنی کچە دیکیۆمێنت‌سازی کورد و چالاکی مافی منداڵان هاووڵاتییەکەی دیکەی شاری مەهاباد بوو کە لەژێر زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ئێران بە ناچاری رێگای هەندەرانی گرتە بەر.
حوسێنی بە هۆی دروست کردنی فیلمی کوردستان سنووری توندوتیژی کە باسی لە نەهامەتییەکانی کورد و کوژرانی کۆڵبەرانی سەر سنوور دەکرد، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گوشاری خرایە سەر.
نیشتمان حوسێنی ساڵی١٣٨٣ لە زانکۆی ئازادی مەهاباد چالاکییە مەدەنییەکانی دەست پێ کردووە و لە بواری ژنان و دواتریش منداڵانی کار و بەگشتی ژیانی کاسبکاران چالاکیی نواندووە.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر چەشنە چالاکییەکی مەدەنی لەدژی خۆی لە قەڵەم دەدات و هەربۆیە چالاکانی مەدەنی بە پێوانەی چالاکی سیاسی دەبینێ‌ و بۆ ئەوەی پێشیان پێ بگرێ، بە چالاکیی دژبە نیزامیان دەهێنێتە ئەژمار.

3194.jpg


حەسەن مەلاک چالاکێکی دیکەی کوردە، کە رێکەوتی ٢٥‌ی سەرماوەز بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران زێدی خۆی بەجێ هێشت.
ئەو چالاکە سیاسییە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهابادەوە دەستبەسەر و دواتر لە دادگایەکی چەند خولەکیدا ماوەی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕاوەتەوە.