کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری نەغەدە ئەندامێکی حیزبی دێمۆکرات کۆچی دوایی کرد

13:08 - 10 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەناوی مەلا برایم فەتحی کوڕی مام فەقێ بەهۆی نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، حاجی مەلا ئیبراهیم فەتحی بە هۆی راوەستانی دڵ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو مرۆڤێکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو.
مامۆستا مەلا ئیبراهیم پاش خوێندنی وانە ئایینییەکان، دەبێتە پێش‌نوێژی گوندی کامووس و پاشان دەچێتە گوندی کەرێزە هەتا ساڵی ١٣٥٧ لە مزگەوتی ئەو گوندەدا خزمەت بە خەڵک دەکات.
ساڵی ١٣٣٧ بەهۆی هاوکاریی تێکۆشەرانی کوردستانی عێراق بۆ ماوەی ١١ مانگ لە شاری مەهاباد زیندانی کرا.
ساڵی ١٣٤١ بووەتە ئەندامی حیزبی دێمۆکرات و هەتا ساڵی ١٣٦٣ ئەرکە حیزبییەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە بردووە و دواتریش لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە کوردستان و وەکوو ئەندامێکی نهێنیی حیزب درێژە بە چالاکی و تێکۆشان داوە و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بە رێبازی حیزب و گەل وەفادار مایەوە.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، سەرەخۆشی خۆی لە بنەماڵەی مەلا برایم دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.
رۆحی شاد