کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٤ کاتژمیردا نزیک بە ٤٠٠ هاووڵاتی لە سووریە کوژراون

19:43 - 10 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە کۆمکوژییەکیدا نزیک بە ٤٠٠ هاووڵاتیی سووری و لەوانە ٤٠ ژن و منداڵیان کوشت.
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار کۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە ٣٩٢ کەس کە ٢٠ ژن و ٢٠ منداڵێشیان تێدا بەرچاو دەکەوێ لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئەسەدەوە کوژراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە لە کۆمکوژییەکی ناوچەی دەیر بەعلبە ٢٢٠ تەرم دۆزراونەتەوە.
چالاکانی مافی مرۆڤی سووریه دەڵێن، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئەسەد پاش کۆمکوژیی ٢٢٠ هاووڵاتیی سووری لە ناوچەی دەیر بەعلبە، سەری قوربانییەکانیان لە لاشەیان جودا کردووەتەوە و دواتر تەرمەکانیان سووتاندوون.
یەکێک لە هەڵاتوانی ئەم کۆمکوژییە کە توانییویەتی گیانی خۆی رزگار بکات، وێنەی ئەم کۆمکوژییەی لە یووتووبدا بڵاو کردووەتەوە.
لەم وێنانەدا چەندین بنەمالە نیشان دەدات کە لە ترسی گیانی خۆیان پەنا دەبەنە بەر گوندنشینانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم کۆمکوژییە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد زیاتر لە ١٣٤ شوێنی ئەو ناوچەیە خاڵی پشکنینیان داناوە و کونترۆڵیان کردووە.
لە هەمان کاتدا لە مەعرە نەعمان و ئەدلەب، تێکهەڵچوونی توند لە نێوان ئەرتشی ئازادی سووریە و هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد رووی داوە و ئەرتشی ئازادی سووریە شاری مەعرە نەعمانی کونترۆڵ کردووە.