کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ کەس لە کارناسانی ئیدارەی میرات فەرهەنگیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دەرکران

13:05 - 11 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ١٥ کەس لە کەوناراناسان و کارناسانی ئیدارەی میرات فەرهەنگیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بەبێ‌ ئاگادار کردنەوەیان لەسەر کار دەرکراون.
ئەو ١٥ کەسە کارتی هاتن و رۆیشنیان بۆ ناو ئیدارەی میراتی فەرهەنگی لە کار کەوتووە و دواتر پێیان راگەیاندوون کەلە لیستەی کارمەندانی ئەو ئیدارەیەدا سڕاونەتەوە.
یەکێک لەو کارناسانە بە هەواڵدەریی میرات فەرهەنگی راگەیاندووە، ئەو دەرکردنە لە کاتێک دایە کە ئێمە رەخنەمان لەسەر لە ناو چوونی شوێنە مێژووییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا گرتووە و باسمان لە کەمترخەمیی ئەو ناوەندە بۆ چارەسەریی و نۆژەن کردنەوەی ئەو شوێنانە کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا لێپرسراوانی ئیدارەی میرات فەرهەنگی هۆکاری دەرکردنی ئەو ١٥ کەسەیان گەڕاندۆتەوە بۆ نەبوونی بوودجەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندە.
بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی کە دەرکران پێشینەی کارییان هەیە و هێندێکان نزیک بە ١٠ ساڵە و لە ئیدارەی میرات فەرهەنگیدا سەرقاڵی کار کردنن.