کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە دانمارک لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە شەرەفەدین ئەلچی

13:28 - 11 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ دانمارک، لە رێوڕەسمی بە بیرهێنانەوەی شەرەفەدین ئەلچی سیاسەتڤانی ناوداری کورد، لە شاری کۆپێنهاگندا بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٩ی بەفرانبار ئەو رێوڕەسمە لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک بە بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ شیلەندی دانمارک، پێکهاتوو لە سەعید تێهرانی و فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، بەڕێوەچوو.
لەو رێوڕەسمەدا کورتە فیلمێک لەسەر ژیانی سیاسیی شەرەفەدین ئەلچی پیشان درا و دواتریش پەیامی لایەنە بەشدارەکانی ئەو رێوڕەسمە، خوێندرانەوە.
شەرەفەدین ئەلچی سیاسەتڤانی ناوداری کوردی تورکیە و ئەندام پارلمانی سەربەخۆی ئەو وڵاتە، لە تەمەنی ٧٥ ساڵی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری ئانکارا پێتەختی تورکیە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە چەندین پارتی سیاسی چالاکیی هەبووە و دواتریش لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ٢٠١١ی زایینیی تورکیە، وەکوو ئەندام پارلمانی سەربەخۆی شاری ئامەد درێژەی بە چالاکی داوە.