کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەناوچوونی گۆلی ورمێ بەرامبەرە بە خەسارێکی ژینگەیی بۆسەر ناوچەکە

19:19 - 11 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: سەرپەرستی جێگری ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی وزەی رێژیمی ئێران وتوویەتی، ئەگەر هەلومەرجی گۆلی ورمێ نەگۆڕدرێت، هەتا ٤ ساڵی دیکە بە تەواوی وشک دەبێت.
عەلیڕەزا دایمی بە هەواڵدەریی مێهری راگەیاندووە، بەردەوامیی دۆخی هەنووکەیی ئاوی گۆلی ورمێ، ئەو گۆلەی تووشی قەیرانی جیدی کردووە.
دایمی راشیگەیاندووە، بارینی ١٤٠ میلی‌میتر باران لەم ناوچەیەدا نەیتوانیوە کەمیی ئاوی گۆلی ورمێی قەرەبوو بکاتەوە.
سەرپەرستی جێگری ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی وزەی رێژیمی ئێران وتیشی، خاوێن کردنەوەی رۆخانەکان، باروەریی هەورەکان، بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان پێویستە بۆ پێشگیری لە وشک بوونی گۆلی ورمێ ئەنجام بدرێت.
مەرگی گۆلی ورمێ هەتا ٤ ساڵی داهاتوو بێ ئەملاو ئەولایە

گۆلی ورمێ بە رووبەری ٤٨٣ هەزار هێکتار، یەکێک لە گرینگترین و پڕبایەخ‌ترین ژینگە ئاوییەکانی جیهان دێتە ئەژمار کە هەنووکە بەشێکی بەرچاوی بووەتە خوێ‌جاڕ.
لە ئەنجامی لەناوچوونی گۆلی ورمێ وەکوو ژینگەیەک، کۆتایی بە ژیانی ژمارەیەک گیانلەبەری نایابی وەکوو ئارتیما دێت و کارەساتی ژینگەیی بە دواوە دەبێت.
کارناسانی بواری ژینگەپارێزی دەڵێن: وەبەرهێنانی لە رادەبەدەر لە سەرچاوە ژێرزەوییەکان، چالاکیی وەرزێڕی، کەم بوونەوەی بارینی باران، گرتنەوەی بەنداوەکان و دروست کردنی پرد لەسەر گۆلەکە، لە هۆکارەکانی وشک بوونی گۆلی ورمێ لە چوار ساڵی داهاتوو دان.
هەنووکە ٢١ رووخانە و ٣٩ ئاودڕ دەچنە گۆلی ورمێ کە لەسەر تێکڕای ئەوانەدا بەنداو دروست کراوە و زیاتر لە ٦٥ لەسەدی گۆلی ورمێ وشک بووە و ئەو رێژەیە رۆژ لەدوای رۆژ لە زیاد بوون دایە.
قەیرانی گۆلی ورمێ بووەتە یەکێک لە بابەتە باوەکانی بواری ژینگەپارێزی و زۆربەی چالاکان ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم کەمتەرخەمییەی لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە.
لێپرسراوە پێوەندیدارەکان، گوێ خۆیان لەم کارەساتە ژینگەیە خەواندووە و هیچ جۆرە لێدوانێک سەبارەت بە وشک بوونی گۆلی ورمێ نادەن و ئەگەریش بە شێوەیەکی پەرتەوازە بەڵێنێکیان دابێت قەت نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
وشک بوونی گۆلی ورمێ بەهۆی سوێری و چڕ بوونەوەی گەردیلەکانی خوێ، کارەساتی ژینگەیی لە ئاستی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشدا لێ دەکەوێتەوە و سۆنامیی خوێی بەدواوە دەبێت.
٢٧ جۆر گواندار، ٢١٢ جۆر باڵندە، ٤١ جۆر خزۆکە (خزندە)، ٧ جۆر دووژیانە (دوزیست) و ٢١ جۆر ماسیی لە گۆلی ورمێدا دەژین کە مەترسیی لە ناوچوونیان لەسەرە و هەتا ئێستا ژمارەیەکیشیان وەکوو ئارتیما لە ناوچوون.