کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران ساڵانە ٤ هەزار كەس بەهۆی تووش بوون بە مادە سڕكەرەكان گیان لەدەست دەدەن

14:21 - 12 بەفرانبار 2712

كوردستان میدیا: لە ئێران ساڵانە ٤ هەزار كەس و لە هەر رۆژێكدا ١١ كەس بە هۆی بەكارهێنانی مادەی سڕكەر گیان لەدەست دەدەن.
یەكێك لە لێپرسراوانی ستادی خەبات بە دژی مادە سڕكەرەكان لە پارێزگای سنە بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە، پێویستە پەرە بە ناوەندەكانی تەركی ئیعتیاد بدرێت و لەو پێوەندییەدا بوودجە بۆ ئەو شوێنانە تەرخان بكرێت.
نەبوونی ناوەندێكی خەمخۆر و سیستمێكی تەندروستیی بارهێنان وای كردووە كە رۆژ لەگەڵ رۆژ رێژەی تووشبوان بە مادە سڕكەرەكان لە ئێران روو لە زیاد بوون بكات.
بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە كراون لەسەدا ٤٥‌ی قوتابییان و خوێندكارانی ئێران لە بەكارهێنەرانی مادەی سڕكەرن و ناوەندە پێوەندیدارەكانیش هەتا ئێستا هیچ هەوڵێكیان بۆ بنبڕ كردنی ئەو دیاردەیە نەداوە.
بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئێران زیاتر لە ٧٠ لەسەدی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لە ئێران تووشی مادە هۆشبەرەكان بوون.
لە كۆی گشتیی ئەو بەكار هێنەرانە ٩٠%یان تەمەنیان لە خوار ٢٩ ساڵ دایە.