کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ئاماری کوژراوانی ساڵی ٢٠١٢ لە سووریە/ لە یەکەم رۆژی ساڵدا شەڕ بەردەوامە

13:18 - 13 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: فڕۆکەخانەی شاری حەلەب، دووهەمین شاری گەورەی بازرگانیی سووریە، بە شێوەی کاتی داخراوە.
فڕۆکەخانەی شاری حەلەب داخراوە
پاش هێرشی هێزەکانی ئەرتشی ئازادی سووریە بۆسەر فڕۆکەخانەی شاری حەلەب، بە فرمانی لێپرسراوانی رێژیمی سووریە فڕۆکەخانەکە داخرا.
لێپرسراوێکی سووری کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فەڕانسە وتوویەتی: فڕۆکەخانەی حەلەب بۆ ماوەیەکی کورت داخرا، هەتا هێزە تیرۆریستەکانی ئەو ناوچەیە لەو فڕۆکەخانەیەدا پاک‌سازی بکەین.
ژمارەیەک راڤەکاری سیاسی دەڵێن: ئەرتشی ئازادی سووریە خوازیاری کونترۆڵی تەواوی پایتەختی سووریە، پێش دەسپێکی دانووسانەکانە.
٢٠ چەکدار و ژەنراڵێکی سووری هەڵاتوون
لە یەکەمین رۆژی ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا ژمارەیەک لە چەکداران و نیزامیان ئەرتشی سووریە بەرەو وڵاتی تورکیە هەڵاتن.
دیپلۆماتکارێکی تورک لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەریی رۆیتێرزی گوتووە: ٢٠ سەرباز و ئەفسەرێکی پایەبەرزی ئەرتشی رێژیمی سووریه لە رێگەی سنووری باکووری ئەو وڵاتەوە بۆ وڵاتی تورکیە هەڵاتوون.
ئەم دیپلۆماتکارە تورکە لە درێژەدا گوتوویەتی: لە نێو ئەم نیزامییانەدا ٧ سەرهەنگی ئەرتشی ئەو رێژیمەش بەرچاو دەکەون کە پەیوەست بە دژبەرانی ئەو رێژیمە بوون.
لە ساڵی ٢٠١٢دا رێژیمی سووریە ٤٠ هەزار کەسی کوشتووە
یەکەمی رۆژی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە: لە ساڵی ٢٠١٢ی زاینییدا ٣٩ هەزار و ٦٢ کەس بە دەستی هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد کوژراون.
ئەم راپۆرتە نووسیویەتی: لە درێژەی ٢١ مانگی رابردووەدا، زیاتر لەسەدا ٩٠ی قوربانییان، کەسانی هاووڵاتییانی مەدەنین.
لە دەسپێکی توندوتیژی و تێکهەڵچوونەکانی سووریەدا لە مانگی مارسی ٢٠١١ـەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس کوژراون.
بەرپرسی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە راشیگەیاندووە: لە ساڵی رابردوودا ٢٨ هەزار و ١١٣ غەیری نیزامی، ٩ هەزار و ٤٨٢ کەس لە هێزەکانی بەشار ئەسەد و یەک هەزار و ٤٠ سەرباز لە رێژیمی سووریە جیا بونەتەوە.
بەپێی ئەم ئامارە ناسنامەی ٧٢٧ کەس لە قوربانییان هێشتا ناڕوونە.

بوردمانی ژمارەیەک ناوچەی دیمەشق راگیراوە
هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە، بە داخرانی فڕۆکەخانە شاری حەلەب دەرگیری و بۆمباران لە ژمارەیەک لە ناوچەکانی دیمەشقدا راگیراوە.
لە یەکەم رۆژی ساڵدا، لە رۆژئاوای شاری دیمەشق لە نێوان ئەرتشی رێژیمی سووریە و دژبەرانی تێکهەڵچوون رووی دا و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتش ژمارەیەک ناوچەی شاری حەلەبیشیان بۆمباران کردووە.
ئەرتشی سووریە لەم چەند مانگەی دواییدا هەوڵی داوە زیاتر بۆمبارانی هەوایی ئەنجام بدات و خۆی لە شەڕی زەمینی دەبوێرێت.
لە یەکەم رۆژی ساڵی ٣٠١٣ی زایینیدا لانی‌کەم ٦٤ کەس کوژران و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.