کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران دژكردەوەی بە بڕیارنامەی كۆنگرەی ئەمریكا لەمەڕحوزووری ئێران لەئەمریكای لاتین، نیشان دا

14:22 - 13 بەفرانبار 2712

كوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی رەشنووسی كۆنگرەی ئەمریكا لەپێوەندیی بنبڕ كردنی دزەی ئێران لە ئەمریكای لاتین، لەو باوەڕەشدایە كە ئەمریكا پابەند بە پێوەندییە نێودەڵەتییەكان نیە.
رامین مهمانپەرەست وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران رایگەیاند، ئەو رەشنووسە پەرە بە كێشەكانی نێوان ئێمە و ئەمریكا دەدات و هەروەها ئەو هەوڵەشی بە دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ئەمریكای لاتین لەقەڵەم داوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر باراك ئۆباما رەشنووسی كۆنگرەی ئەمریكای بۆ بنبڕ كردنی دزە كردنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە كاروباری ئەمریكای لاتین واژۆ كرد.
بەپێی ئەو یاسایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەركدار كرا كە لە ماوەی ١٨٠ رۆژدا بەرنامەی كاری خۆی بە مەبەستی بنبڕ كردنی حوزووری ئێران لە ئەمریكای لاتین دیاری بكات.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی ئەمنیەتیی میللیی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش دەبێ‌ لەمەدوا كونترۆڵ زیاتر بەسەر ناوچە سنوورییەكانی كانادا و مەكزیكدا بكا.