کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی جیهانیی بێهداشت: لە ئێران ٨٠ هەتا ١٠٠ هەزار تووشبوو بە نەخۆشیی ئەیدز بوونی هەیە

17:48 - 30 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: وەزیری بێهداشتی رێژیم پەڕژاوەتە سەر ئەوەی کە بە کونترۆڵ کردن توانیویانە ئاماری تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لە ئێران کەم بکەنەوە.

لە ئێراندا ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئەیدز ٢٢ هەزار کەس راگەیەنراوە. ئامارێک کە لەگەڵ ئامارە جیهانییەکان ناتەبایە.

مەرزیە وەحیدی دەستجردی، وەزیری بێهداشت، دەڵێت: لە ئێستادا لە ئێران ٢٢ هەزار نەخۆشی تووشبوو بە ئەیدز بوونی هەیە.

ناوبراو ئیدیعای ئەوەی کردووە کە بە کونترۆڵی باش توانیویانە ئاستی تووشبوان بە نەخۆشیی ئەیدز ١.١% کەم‌ بکەنەوە.

ئەو لێدوانانەی وەزیری بێهداشتی رێژیم لە کاتێک دایە کە بەپێی ئاماری رێکخراوە سەربەخۆکانی جیهان، وەکوو رێکخراوی جیهانیی بێهداشت، ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لە ئێران نزیکەی ٨٠ هەزار هەتا ١٠٠ هەزار کەس مەزندە کراوە.

ئامارە بڵاو کراوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لەلایەن لێکۆڵەرانی بواری کۆمەڵایەتی گوماناوی لەقەڵەم دراوە.

لێکۆڵەران ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لە ئێران زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس راگەیاندووە.

لێکۆڵەران دەڵێن: ژمارەیەکی زۆر لە تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز بە هۆی ترس لە دوور کەوتنەوە لەلایەن کۆمەڵگاوە، نەخۆشی خۆیان ئاشکرا ناکەن.

هەنووکە لە جیهاندا زیاتر لە ٣٤ میلیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی ڤایرۆس HIV بوون و لە ساڵی ١٩٨١ـەوە، لەو کاتەوە کە بۆ یەکەم جار یەکەم تووشبووی نەخۆشیی ئەیدز ناسێنرا، هەتا ئێستا نزیکەی ٣٠ میلیۆن کەس بە هۆی ئەو نەخۆشییە گیانیان لە دەست داوە.