کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان بۆسەر کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سەردەشت

18:32 - 30 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیم لەسەر سنووری سەردەشت، تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا دەستیان بەسەر دارایی ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی سەربە شاری سەردەشت، تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر و کاسبکار کردووە و لە ئاکامدا دەستیان بەسەر دارایی و حەیوانی بارهەڵگری ئەو کاسبکارانەدا گرتووە.

کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و کوردستانی عێراق، ساڵانێکە بۆتە کارێکی باو و هەروەها رێگایەک بۆ بەدەست هێنانی بژیوی ژیان و لەم پێناوەشدا زوریان بوونەتە قوربانی و ئەم دیاردەیەش هەر بەردەوامە.

نەبوونی کارخانە، کارگە، هەلی کار و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهات، بۆتە هۆی دابەزینی ئاستی خۆش‌بژیویی خەڵکی ناوچە و خەڵک بەناچاری روویان لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان کردووە.

لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە هەتا ئێستا دوو کۆڵبەر بەهۆی رەق بوونەوە لە سەرما و تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم و ٣ کۆڵبەری دیکەش بە هۆی تەقینەوەی مین، گیانیان لەدەست داوە.