کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری نەوسوود و ئاواییەکانی دەوروبەری ژمارەیەکی بەرچاو لە کەلوپەلی کۆڵبەر و کاسبکاران زەوت کرا

13:13 - 16 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی نەوسوود زەخت و گوشاریان بۆ کۆڵبەر و کاسبکاران هێناوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی ئەو هاووڵاتییانەدا گرتووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری نەسوود هێزە ئینتزامییەکان هێرشیان کردۆتە سەر کۆڵبەران و کاسبکارانی ئەو ناوچەیە و وێڕای بێ‌ڕێزی پێکردن، کەلوپەلەکانیان زەوت کردوون.
هەر لەو پێوەندییەدا هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنێک بە ناوی ئاوەزنێ‌ هەڵکەوتوو لە نێوان گوندەکانی هاوار و قەڵاگا دەستڕێژیان لە کۆڵبەران و کاسبکاران کردووە.
لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا چەندین ئەسبی کاسبکاران بە کوشت چوون.
بەوتەی شایەتحاڵان ئەو هێزانە ویستوویانە ئەسب و کەلوپەلی کاسبکاران بۆ شوێنێکی نادیار بگوازنەوە، بەڵام لە نزیک ئاوایی وەزڵی سەر بەر نەوسوود خەڵکی ناوچەکە پێشیان پێ‌ گرتوون و کەلوپەلەکانیان لێ‌ ئەستاندوونەتەوە.
پێشتریش لە رێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، لەسەر خاڵی سنووریی قەڵاگا سەربە شاری نەوسوود، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەقەیان لە کاسبکاران و کۆڵبەران کردبوو کەلە ئەنجامدا چەندین سەر ئەسبی بارهەڵگری کاسبکاران بە کوشت چوون.
لەو هێرشەدا ماشینێکی هاووڵاتییەکی دیکەش کە غەیری کۆڵبەر بووە درایە بەر دەستڕێژ.