کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری جێبەجێ‌ کردنی حوکمی ئێعدامی دوو چالاکی سیاسیی کورد لەئارا دایە

13:00 - 17 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ئەگەری ئیعدام کردنی زانیار و لوقمان مورادی دوو چالاکی سیاسیی کورد لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لەئارا دایە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەلایەن کۆمیتەی پشتیوانی لە شارۆخ زەمانی، سەردۆزگەر(دادستان)ی رێژیمی ئێران لە شاری سنە و هەروەها پێش‌نوێژی هەینی شاری مەریوان بە مەبەستی بەڕێوە بردنی حوکمی ئیعدامی زانیار و لوقمان مورادی چونەتە زیندانی گەوهەر دەشت لە شاری کەرەج.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەگەری ئەوە هەیە هەتا سێ،‌ یان چوار رۆژی داهاتوو ئەو حوکمە بچێتە بواری جێبەجێ‌ کردنەوە.
زانیار و لوقمان مورادی رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی محارب و مفسد فی الارز هەر دوویان حوکمی ئیعدام لەبەر چاوی گشتیی خەڵک بۆ بڕایەوە.
پێشتر لوقمان و زانیار مورادی لە رەنج نامەیەکدا داوایان کردبوو کە ئێمە دەمانهەوێ‌ بژین و رایانگەیاندبوو، کەلە گرتنگە و زیندانەکانی رێژیم لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان بەو تۆمەتەدا ناوە و تەواوی ئەو تاوانانەیان رەت کردۆتەوە.
هەواڵی تەئیدی حوکمی ئیعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ماوەیەک لەمەوپێش بە شێوەی زارەکی بە خۆیان راگەیەنرابوو، بەڵام بنەماڵە و پارێزەرەکەیان ئاگاداری ئەو حوکمە نەبوون.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ئێستا لە گرتووخانەی شاری کەرەج دان.