کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی \"پیرشالیار\" بۆ هاوکاریی ئاوارەکانی کوردستانی سووریە، لە هەورامان راگەیەنرا

13:45 - 17 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە ناحیەی بیارەی سەربە هەورامان لە هەرێمی کوردستان، کەمپەینێک لەژێر ناوی پیرشالیار لەلایەن چەند لاوی خۆبەخشەوە بە مەبەستی هاوکاریی ئاوەارەکانی کوردستانی سووریە راگەیەنرا.
بەهجەت سان ئەحمەد ئەندامی کەمپەینی پیرشالیار، بە ماڵپەڕی هاووڵاتیی راگەیاندووە، ئەو کەمپەینە بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک لە دەڤەری هەورامان بۆ ئاوارەکانی کوردستانی سووریە کەلە ناوچەی عەربەت نیشتەجێن، پێکهاتووە.
پێشتریش لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا هاوکاری بۆ کوردانی سووریە کۆ کراوەتەوە.
ئەمە یەکەم جارە لە ناوچەی هەورامانی هەرێمی کوردستان، کەمپەینێکی لەو چەشنە بۆ هاریکاریی کوردانی سووریە دامەزراوە.
هاوکارییەکان زیاتر خواردن و پۆشاک لە خۆ دەگرێت و پاش کۆکردنەوە، رادەستی ئاوارەکانی کوردی سووریە، نیشتەجێی شارۆچکەی عەربەت دەکرێت.
زیاتر لە ٦٠ هەزار هاووڵاتیی کوردی سووریە، ئاوارەی هەرێمی کوردستانی بوون کە زیاتر لە ٤٠ هەزاریان لە کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێ کراون.