کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەی کوردستان ئەو ئەرکەی دەبێت کە ئەو هیوا و ئومێدە لە ناو خەڵکدا بە زیندوویی رابگرێت

00:14 - 31 خاکەلێوه 2712

دیمانەی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ بەڕێز کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک ئێران، سەبارەت بە رۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حدک ئێران، لە 114مین ساڵڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا

کوردستان میدیا: بەپێی ناوەڕۆک و ئەو بابەتانەی کەلە رۆژنامەی کوردستاندا چاپ بوون،بەڕای ئێوە تەمەنی ئەو رۆژنامە لە ماوەی ٦٥ساڵی رابردوودا بە چەند قۆناغ دابەش دەکرێت؟

کەریم پەرویزی: بە پێویستی دەزانم کە لەم رۆژەدا پیرۆزبایی لە هەموو رۆژنامەڤان و رۆژنامەنووسانی کورد بکەم کەلە پێناوی گەیاندنی زانیاری بە خەڵک هەوڵیان داوە و تەنانەت هەندێکیان لەو پێناوەدا گیانی خۆیان فیدا کردووە.

بەپێی رەوتی خەبات و تێکۆشان لە کوردستانی ئێراندا، رۆژنامەی کوردستانیش کە ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حدک ئێرانە، هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی رەوتی خەبات لەم بەشەدا، ئالوگۆڕی بەسەردا هاتووە و بە چەندین قۆناخدا تێپەڕیوە. ئێمە کە باس لە خەباتی رۆژنامەی کوردستان دەکەین بەتایبەتی لەو کاتەوە کە حدک ئێران، پێی ناوەتە گۆڕەپانی خەبات، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی ئەو سەردەمە و کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی و ئەو دەسەڵاتەی کە حدک ئێران توانیی وەک یەکەم کیانی سیاسی و مۆدێڕن بۆ نەتەوەی کورد لەسەر خاکی کوردستان دابمەزرێنێ، کۆماری کوردستانی لە مەهاباد لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد پێک هێنا.

لەو سەردەمەدا لە پێناوی دروست کردنی کیانێکی سیاسیدا دەبینین کە حدک ئێران پێوەیستیی بەوە هەیە کە وشیاریی نەتەوی لە ناو خەڵکدا بەرز بکاتەوە و ئەو زانیارییەی بە خەڵک بگەیەنێ کە ئێمەی کورد خاوەنی هەموو ئەو مافانەین کە هەموو مرۆڤەکان لە جیهاندا هەیانە و پێویستە ئێمە مافی نەتەویی و کیانی سیاسیی خۆمان بەدەست بێنین. رۆژنامەی کوردستان لەو پێناوەدا کار دەکات و دەیەوێت بسەلمێنێت ئێمەی کوردیش مافی ئەوەمان هەیە کە چارەنووسمان بە دەستی خۆمان بێت، ئەوە یەکەم قۆناخی دروست کردنی ناوەڕۆک و کرۆکی ئەساسیی نەتەویی و سیاسیی کورد کە پێویستیی کیانی سیاسی بۆ کورد بێنێتە ئاراوە. دوای ئەوە کە کۆماری کوردستان دادەمەزرێ و خۆی دەسەلمێنێ و سەقامگیر دەبێت، رۆژنامەی کوردستانیش پێ بەپێی کارەکانی کۆمار دەڕواتە پێشەوە، لە راستیدا ئەوە بوو بە توخمی سەرەتای رۆژنامەی کوردستان.

لە دوای ئەوەدا بە رووخانی کۆماری کوردستان و ئەو گوشارانەی کە بۆ سەر خەباتگێڕانی کورد لە کوردستانی ئێراندا دێت، رۆژنامەی کوردستانیش وەکوو ئورگانی کۆمیتەی حدک ئێران ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەڕواتە خەباتی نەهێنیەوە و دەیەوێت بە خەڵک بڵێت کە خەبات لەپێناوی گەیشتن بە مافەکان درێژەی هەیە و شۆڕشگێڕان و خەباتکاران چۆکیان دانەداوە، ئەگەر چی دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری کوردستان رووخاوە، بەڵام شۆڕشگێڕان درێژەی ئەو رێبازە دەدەن و لە نێو خەڵکدا رۆژنامەی کوردستان ئەو ئەرکەی دەبێت کە ئەو هیوا و ئومێدە لە ناو خەڵکدا بە زیندوویی رابگرێت. واتە دەیەوێت دەنگی هیوابەخش و ورەبەخش بێت کە بە خەڵک بڵێت حیزبی کۆمار خراوەتە قۆناخێکی سەختی خەباتەوە، بەڵام خەبات درێژەی هەیە.

دوای ئەو قۆناخەدا، بە تایبەت دوای کۆنگرەی 2ی حدک کە گوشارە سیاسییەکان لەسەر حدک زۆر دەبێتەوە، دەبینین ئەرکی رۆژنامەی کوردستانیش دەگۆڕێت و لە دەرەوەی وڵاتیش کەسێکی وەک د. قاسملۆ درێژەدەری گەیاندنی دەنگی حەقخوازانەی خەڵک دەبێت و رۆژنامەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بڵاو دەکاتەوە، ئەو قۆناخە دەتوانین بڵێین قۆناخێکی زۆر کورتە و بەپێی ئیمکاناتی ئابووری و پێرسۆنێلی کە لەبەر دەستدا هەبوو، چەند ژمارەیەک زیاتر لێی بڵاو نەبوووە، بەڵام قۆناخێک بوو کە دەڵێت بە هەموو ئەو گوشارانە هێشتا حیزبی دێمۆکرات زیندووە و سەربەخۆی سیاسیی خۆی کە لەسەر نەتەوەی خۆی بڕیار بدات دەپارێزێت.

قۆناخی دوای ئەوە قۆناخێکە کە ئیمکاناتێکی زۆرتر بۆ حدک ئێران و بۆ رۆژنامەی کوردستان دابین دەبێت کە بتوانێت بە شێوەیەکی رێکوپێکتر و بەردەوامتر لە جاران بڵاو بکاتەوە بە تایبەت دوای ئەوە کە بەیانی 11ی ئازار لە کوردستانی عێراق دەردەچێت و نیوچە وتووێژێک، یان نیوچە بە فەرمی ناسینێک لە نێوان کورد و حکوومەتی عێراق لەو سەردەمەدا پێک دێت و رۆژنامەی کوردستانیش لەو سەردەمەدا گەشەیەکی زۆرتر دەکات. بەڵام ئەو قۆناخەشدا رۆژنامەی کوردستان ئەرکی خۆی درێژە پێدەدات و ناکەوێتە داوی دوژمنانی کوردەوە، تەنانەت لە پێناوی پاراستنی هێڵی ئەساسیی نەتەوەی بوونی خۆیدا تووشی گرفتیش دەبێت کە دەسەڵاتی عێراق داوای لێ دەکات کە رۆژنامەی کوردستان دەنگێک بێت لە دژی دەنگی کورد، بەڵام رۆژنامەی کوردستان ئورگانی کۆمیتەی ناوەندیی حدک ئێران قەبووڵی ناکات.

بەڵام لەدوای هاتنە سەرکاری رێژیمی ئیسلامی ئێران و رووخانی رێژیمی پاشایەتی، دەتوانین بڵێین دەچێتەوە سەر قۆناخی پێشوو کە دەیهەوێت دەنگێکی ئازادیخوازانە بێت و دەنگێک بێت کە بە خەڵکەکە بڵێت کە خەبات درێژەی هەیە، بەڵام بەو جیاوازیەی کە ئەوکات پێویست نەبوو کە بە خەڵک بڵێت ئێمەش وەکۆ خەڵکێک و وەکوو نەتەوەیەک خاوەنی مافەکانی خۆمانین، چۆنکە خەڵک بەو رادە لە وشیاری گەیشتووە و لە دەوری ئەو خەباتە کۆ بوونەتەوە و رۆژنامەی کوردستان دەرەتانێکی زۆرتر پەیدا دەکات و دەڕواتە قۆناخێکی دیکەوە.

کوردستان میدیا:
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و قەدەغە بوونی چالاکی سیاسیی حیزبی دێمۆکرات، چ گۆڕانکارییەک لە چوارچێوە، فۆرم و ناوەڕۆکی رۆژنامەی کوردستان هاتە پیش؟

کەریم پەرویزی: ئەوەی لەسەر گۆڕانکاریی چوارچێوەی فۆرم و ناوەرۆکەوە بتوانین باسی لێوە بکەین، ئەوەیە کە حدک ئێران لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە قەدەخە دەکات و خومەینی فەرمانی جیهاد لە دژی کورد دەدات، لەو سەردەمەدا ئیمکاناتی بەردەستی حیزبی دێمۆکرات و بەڕێوەبەرانی رۆژنامەی کوردستان زۆر کەم دەبێت، بە تایبەت کە بەو ئیمکاناتە کەمەی کەلە شاخ هەیە و ئەو گوشارە سیاسی و نیزامییە لەسەر حیزبی دێمۆکرات و نووسەران و بەڕێوەبەرانی رۆژنامەی کوردستان هەیە و دەمێ لە ژێر بەردەکان و لەژێر تۆپباراندا کار بکەن، یەکجار بەرتەسک دەبێتەوە و ئەسڵی ئەساسی ئەرکی رۆژنامەی کوردستان دەکات بە دەنگی خەباتی گەلی کورد کەلە شاخەکاندا بەڕێوەیە و بە گوێی خەڵکی کورد و خەڵکی دیکەی ئێران و جیهان بگەیەنێت، بەڵام لەبەر ئیمکاناتە کەمەکەی ناتوانێت لە بواری فۆرم و نێوەڕۆک و رۆژنامەگەریی سەردەم و راگەیەنەکانی زانستیی کەلە جیهاندا هەیە وەدوا دەکەوێت، بەڵام دەتوانێت ئەرکی خۆی لەو قۆناخە سەختەدا بەرێوە ببات.

کوردستان میدیا: ئاراستەی گوتاری نەتەوەیی لە دوو توێی بابەت و نووسراوەکانی کوردستان چۆن پێناسە دەکەی؟

کەریم پەرویزی: رۆژنامەی کوردستان هەروەک لە ناوەکەیدا دیارە، دەیهەوێت لەسەر کوردستان کار بکات، کوردستان وەکوو کیانێکی سیاسی وەکوو خاکێک کە خەڵکانێکی تێدا دەژین. گرێدراوی خەڵک و خاکێک کە مانا و چەمک و ئاراستەیەکی سیاسی بە خۆیەوە بگرێت، دەبێت بە دروست کردنی نەتەوەیەک. نەتەوەیەک کە دەیهەوێ بوونی خۆی بسەلمێنێت. کاتێک بە هەموو بابەتەکانی رۆژنامە و کوردستاندا دەڕوێتەوە، ئاراستەیەکی نەتەوی پێوە دیارە و دەیهەوێت ئەو بیرە نەتەوەییە گەشە پێ بدات، بە رای من رۆژنامەی کوردستان قۆتابخانەیەکی گەورە و بەپێز و پڕ نێوەرۆکی نەتەوایەتییە کە لە سەرەتاوە هەوڵی داوە بە هەموو رووناکبیران و نووسەران بڵێت کە ئێمەش نەتەوەیەکین و خاکێکمان هەیە و لەو پێناوەدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی داوە کە تاکی کۆمەڵگای کوردی بە تایبەتی رۆناکبیران تێ بگەیەنێت کە ئێوە ئەرکتانە بۆ گەیاندنی کۆمەڵگا بۆ ئاستێکی بەرزتردا هەوڵ بدەن و خەڵک وشیار بکەنەوە.

کوردستان میدیا: رۆژنامەی کوردستان وەک رۆژنامەی حیزبێکی بەرپرسیار لە هەمبەر پرسە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکان لە بووژانەوە، پاراستن و گەشە پێدانی زمانی کوردیدا چ دەور و رۆلێکی گیڕاوە؟

کەریم پەرویزی:
هەموو خوێنەران و تاکێکی کورد دەزانێت کە هەر نەتەوەیەک بە زمان و فەرهەنگی خۆیەوە دەناسرێتەوە و گەر زمان و فەرهەنگ و تەوەرە گرینگەکانی بپارێزێت و گەشە بکات، دەتوانێ بوونی نەتەوەی خۆی باشتر بسەلمێنێت. لەو پێناوەدا ئەرکی رۆژنامەی کوردستان ئەوە بووە کە زمانی کوردی بپارێزێت و پەرەی پێ بدات، ئەو ئەرکەی بەڕێوە برووە و بەڕێوەش دەبات و توانیویەتی ستانداردەکانی زمانی کوردی جێ بخات. نووسەران و شا‌رەزایان و بیرمەندانی گەورە لە رۆژنامەی کوردستاندا کاریان کردووە و هەوڵیان داوە کە تەوەر و بناخە ئەساسییەکانی زمانی کوردی دروست بکەن کە ئێستاش لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤاری کوردی بە تایبەتی لە کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێراندا لەو چوارچێوە و بنەمایانە کەڵک وەردەگرن کە نووسەران، شاعیران و ئەدیبانی گەورەی کورد لە رۆژنامەی کوردستاندا پێکیان هێناوە و هەوڵیان داوە کە زمانێکی ستاندارد بۆ کورد دروستی بکەن، وەکو مامۆستا هەژار وەکوو مامۆستا هێمن و وەکوو رێبەری گەورە عەبدوڵڕەحمان قاسملوو کە خۆی سەردەمانێک ئەندامی کۆڕی زانیاری لە بەغدا بووە.

کوردستان میدیا: پرسی رۆژنامەنووسی ئازاد و رۆژنامە نووسی حیزبی (ئۆرگانێک) چۆن لێک دەدەیەوە، ئاخۆ کوردستان لە نێوان ئەم دوو مەسەلەیەدا خاوەن چ پێگەیەکە؟

کەریم پەرویزی:
رۆژنامەی کوردستان بە روونی رایگەیاندوووە کە ئورگانی کۆمیتەی ناوەندیی حدک ئێرانە و لە بواری سیاسییەوە دەنگی حزبی دێمۆکراتە، لە بواری نەتەوەییەوە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان کار دەکات، لە بواری فەرهەنگییەوە لەسەر پرسە فەرهەنگییەکان کار دەکات و هەوڵ دەدات دەنگێک و زمانێک و راگەیاندنێکی نەتەوی بێت کەلە سەرتاوە کاری لەسەر کرووە و ئێستاش دەکات و لە داهاتووشدا دەکات، دەنگی نەتەوەیەک بێت پەرەپێدەری شوناس و فەرهەنگی نەتەوەیەک بێت، بەڵام لە بواری سیاسییەوە دەنگی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە و ئەوشی نەشاردۆتەوە و هەر ئەوەی کە دەنگی فەرمیی حیزبێکی سیاسییە، هەندێ بەربەستی و چوارچێوەی سیاسیی بۆ پێش دێنێت، بەڵام رۆژنامەی کوردستان لەو بوارەشەوە بە دروستی کاری کردووە و لەگەڵ خەڵکی خۆیدا درۆی نەکردووە و بە راستی و بە روونی بە زمانێکی پاراوی لەگەڵ خەڵکی خۆی قسەی کردووە و سیاسەتەکانی حیزبی دێمۆکراتی بردۆتە ناو خەڵکی خۆیەوە. رۆژنامەی سەربەخۆ رەنگە مەبەستتان رۆژنامەیەک بێت کە سەر بە حیزب یان لایەنەک نەبێت، ئەوا ئەرکێکی جیاوازتری هەیە، ئەو راگەیاندنەی کە دەیهەوێ ئازاد بێت، دەبێ هەموو لایەنێک تێیدا قسەی خۆی بکات و خەتێکی سیاسیی تایبەت نەدات، هەرچەند ئەو جۆرە راگەیاندنە زۆر زەحمەتە و زۆر کەمە، زۆربەی راگەیاندن و رۆژنامەکانی جیهانیش کە باس دەکەن ئازاد و سەربەخۆن، کە دەڕۆیتە نێو کرۆکی بابەتەکانی دەبینی کە ئاراستەیەکی سیاسیی تایبەت بە خۆیانەوە دەگرن، بەڵام رۆژنامەی کوردستان وەکوو رۆژنامەیەکی حیزبی کار دەکات کە سیاسەتێکی دیاری حیزبی بەڕێوە دەبات.