کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢٠٥ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان

18:32 - 18 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢٠٥ی سەرەتایی فێرگەی سیاسی ــ نیزامیی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٨ی بەفرانبار ١٣٩١ی هەتاوی، رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەی بە بەشداریی بەڕێز دوکتور مێرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریی حیزب و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان، لە ساڵۆنی فێرگەی سیاسیی ــ نیزامیی کۆمیسیۆنی پەروەردە، بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب لەلایەن بەشدارانی دەورەی ٢٠٥ی سەرەتاییەوە دەستی پێکرد.
پاشان دوکتور مێرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، پەیامێکیان بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
عەلیار لە پەیامەکەیدا وتی: رێژیمی ئیسلامیی ئێران ٣٣ ساڵە بە هەموو توانا و ئیمکاناتییەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدا کە لاوانی کورد لە سیاسەت دوور راگرێ، هەستی نەتەوایەتییان تێدا لاواز بکا و وابکا کە لاوان بەرامبەر بە چارەنووسی نەتەوەکەیان کەمتەرخەم بن، هەست بە بەرپرسایەتی نەکەن و لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەیاندا بەشداری نەکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. حەقە کە دەگوترێ، پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلەکەی و پارێزەری کەرامەتی میللەتەکەیەتی و دیفاع لە مان و مەوجوودییەت و دەسکەوتەکانی نەتەوەکەی دەکا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا بەشدارانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە، سروودێکیان لەژێر ناوی من پێشمەرگەی کوردستانم خوێندەوە و دوابەدوای ئەوەش راپۆرتی ئامووزشی دەورەی ٢٠٥ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن بوداق بوداقی مامۆستای دەورەوە خوێندرایەوە.
ئازادی ناوی شیعرێک بوو کە لەلایەن دانیال ساعیدی بەشدار بووی دەرەوە پێشکەش کرا و پاشان پەیامی دەورەی ٢٠٥ی سەرەتایی لەلایەن سلێمان ئەحمەدییەوە خوێندرایەوە.
دواتر باشترینەکانی دەورە لە دوو بواری ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە و وانەکانەوە خەڵات کران.
لە نێوئاخنی ئەو بەشە لە رێوڕەسمەکەدا، چەندین ئاواز و گۆرانیی کوردی لەلایەن هونەرمەندان غوڵام فاتحی و ئەحمەد حەمەڕەشـەوە پێشکەش کران.
لە بەشی دووهەمی رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی پێشمەرگەدا، رێژەی نیزامیی بەشدارانی دەورە نمایش کرا.