کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی کوردستان بێ ژینۆساید: پێش بە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی لوقمان و زانیار بگرن

14:42 - 19 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: سەردۆزگەری پارێزگای کوردستان لەمەڕ جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانی لوقمان و زانیار مورادی، سەردانی زیندانی گەوهەر دەشتی شاری کەرەجی کردووە.
رێکخراوی کوردستان بێ‌ ژینۆساید لە راگەیەنراوێکدا کە نوسخەیەکی بەدەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، رایگەیاندووە: پێش‌نوێژی هەینیی شاری مەریوان لەمەڕ جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی لوقمان و زانیار مورادی دوو زیندانیی کورد، سەردانی تارانی کردووە.
بەپێی ئەم راگەیەنراوە ئەمە لە حاڵیک دایە کە پێشتر لە وتارێکی خۆیدا لە نوێژی هەینیی شاری مەریوان رایگەیاندبوو، کە لوقمان و زانیار بکوژی کوڕەکەی ئەو نەبوون.
لە درێژەی ئەم راگەیەنراوەدا هاتووە، هەنووکە ٢١ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیراندا چاوەڕێی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەن، کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە: حەبیبوڵڵا لەتیفی، شێرکۆ مەعاریفی، رۆستەم ئارکیا، فەرهاد چالش، رەمەزان ئەحمەد، ئەنوەر رۆستەمی، شاکیر باقی، سەید سامی حوسەین و سەید جەمال محەممەدی، موستەفا سەلیمی، رەشید ئاخ‌کەندی، حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، سمکۆ خورشیدی، سیراوان نەژاوی، ئیبراهیم عیساپوور، رزگار ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، هووشەنگ رەزایی، رەزا ئیسماعیلی، بێهرووز ئاڵخانی و بەخیتار میعماری.
رێکخراوی کوردستان بێ ژینۆساید راشیگەیاندووە: لێرەوە بانگەوازی سەرجەم رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پارت و لایەنە سیاسییەكان و كەسانی مرۆڤدۆست دەكەین پێش بە جێبەجێ كردنی ئەم بڕیارە دڕندانەیە بگرن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.
لوقمان و زانیار مورادی لە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کران و پاش ٩ مانگ ئازار و ئەشکەنجە، لە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٨٩ی هەتاوی بە تۆمەتی دژایەتیی خوا و پێغەمبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.