کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ریسالەتی حیزبی ئێمە (ئیبراهیم لاجانی)

17:03 - 19 بەفرانبار 2712

ئیبراهیم لاجانی

پاش پتر لە سێ دەیە لە خەبات و تێکۆشان، ئەو خەباتە خەریکە لە رووخانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی رێژیمێکی دێموکراتیک لە وڵاتەکەماندا دەبێتە هێزێکی کارساز و بڕیاردەر.
ئاسۆی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتی کوردستان روون دێتە بەرچاو. رەوتێکی تازە لە سیاسەتی کوردیدا لە کوردستانی رۆژهەڵات دەستی پێکردوە. هەر چەند ئەو رەوتە لە سەرەتا دایە بەڵام تازە گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەو رەوتەش بریتیە لە بەرەوپێش چوونی هەوڵەکان بۆ دەست پێ کردنی دیالۆگی میللی، هاتنەدەر لە پرش و بڵاویی سیاسی، لێک نزیک بونەوە، تەنانەت رێکەوتنی چەندلایەنە و پێکگەیشن لە سەر مەسەلە بنەڕەتی و چوارچێوە ئەساسییەکانی کار و خەبات.
ئەو دیالۆگە لە نێوان بزووتنەوەی کورد و هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وڵاتەکەشماندا لەلایەکی دیکەوە هەر لە گۆڕێ دایە. لەوێشدا هەرچەند مەیدانی کار وەک مەیدانی مین دێتە بەرچاو، بەڵام کورد لەو بەرەیەشدا هیچ رێگای دیکەی نییە دەبێ لە گۆڕەپانەکە بێ و رێگای چوونە پێشی ئامانجەکانی خۆش بکات و یەک بە یەک مینەکان هەڵگرێتەوە. هیچ جێی نیگەرانی نییە، بزووتنەوەی کورد زۆر لەوە بە هێزترە کە ئەکتەرەکانی سیاسەتی ئێران و ناوچە حیسابی بۆ نەکەن. بەڵام دەبێ لە مەیدانەکەدا بین، بە هێز بین و چاکیش یاری بکەین.
ئەوەی هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی راگرتووە، سەرەنێزە و دۆلارە نەوتییەکان بوون. ئێستا بەو ئابڵۆقە سەختە کە دونیا خستویەتییە سەر رێژیم، هەموومان گوێمان لە قرچەقرچی ئەو ئەستووندانەیە کە تاوڵی کۆماری ئیسلامیان بە پێوە راگرتووە. چوونە پێشی ئەو وەزعە، سەرەنێزەی سەرکوتی رێژیمیش دەکاتە چەقۆیەکی کول و بێ ئەسەر.
لە لایەکی دیکەشەوە، شەڕی نێوان دارودەستەکانی نێو حاکمیەت بە قوڵ بوونەوەی ئەو قەیرانە، جارێکی دیکە خەریکە سەرتاسەری دەستەڵاتی ئاخووندی دادەگرێ. وەزعی ناوچەش بەگشتی بە قازانجی ئازادی و دێمۆکراسی دەڕواتە پێش. کەیسی کوردستان و پرسی کوردیش ئیدی بۆتە کێشەیەکی گەورەی دونیا و هەموو تێگەیشتوون کە ئەو پرسە دەبێ چارەسەر بکرێ.

حیزبی ئێمە هەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان و پرسی کورددا دەتوانێ دەوری لێوەشاوەی خۆی بگێڕی و هەم لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەتوانێ رۆڵی خۆی ببینێ.
بەرنامەی سیاسیی حیزبی ئێمە بەرنامەیەکە بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێران، دیسانتڕالیزە کردنی دەستەڵاتی مەرکەزی و بۆ دابین کردنی مافی چارەی خۆنووسینی میللەتی کورد. ئەو بەرنامەیە بەرنامەی بنیاتنانەوەی ئێرانی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە هەتا دێت پتر دەبێتە بەرنامەی سیاسیی کۆمەڵانی هەراوی میللەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمڕۆ پەیامی حیزب بە گوێی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگا و بانگەوازی ئامانجە نەتەوەیی و دێمۆکراتی و ئینسانییەکانی لە گوێی خەڵکدا دەزرینگێتەوە. هەر بۆیە چ لە ئاستی سەرانسەردا و چ لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە ئاستی کوردستانی گەورەدا، هیچ هێزێکی سیاسی نیشتمانی و نەتەوەیی جیدی نابینی کە حیزبێ ئێمە بە هەموو ئیختلافەکانیشییەوە لەگەڵ خۆیدا، وەک هێزێکی کاریگەری مەیدانی خەبات نەبینێ و نەیەوێ هاوڕایی دەگەڵ بکا. کارنامە و بەرنامە و پراکتیکی حیزبی ئێمە بۆتە جێگای بڕوا و متمانەی نەتەوەی کورد و هەموو گەلانی ناوچە. ئەوەش لە لایەکی دیکەوە حیزبی ئێمەی کردۆتە حیزبێکی مەسئول کە بیروڕای گشتی حیسابی لێ دەکێشێ. ئێستا وەختی ئەوە هاتووە تەشکیلاتی خۆمان بە جۆرێک ئامادە بکەین کە بتوانێت وا کاربکا کە حیزب بکاتە پاڕامیترێکی کاریگەری سەر ئەو وەزعە سیاسییەی هاتۆتە گۆڕێ. ئەوەش بەوە دەکرێ کە حیزبی ئێمە وەک هێزێکی میللی دەرکەوێ و بتوانێ هەموو هێزە خەباتگێرەکانی گۆڕەپانەکە لەگەڵ خۆی بدا. نابێ لە بیرمان بچێ کە هەر لە ئەساسدا حیزبی دێموکرات بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە. یانێ ئەوە ریسالەتی حیزبی دێمۆکراتە کە ببێتە داینامۆی خەباتی میللی و دێمۆکراتیکی گەلەکەمان و ئەو خەباتە بەرێتە پێش.