کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشارئەسەد: گوێتان لێ دەگرم بەڵام بە قسەتان ناکەم (سمکۆ بێکەس)

17:59 - 19 بەفرانبار 2712

سمکۆ بێکەس

لە پەراوێزی وتارە گاڵتە‌جاڕیەکەی بەشارئەسەد دا

بەشارئەسەد دەڵێ گوێتان لێ دەگرم بەڵام بە قسەتان ناکەم، ئەم رستە راست ناوەڕۆکی هەموو وتارەکەی ئەسەد بوو پاش ماوەیەک بێدەنگی لە خوێن رشتنی خەڵکی وڵاتی سووریە کە بە بڵاوکراوەی نەتەوه‌ یەکگرتووەکان زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس کوژارون و سەدان هەزار کەس بریندار و ئاوارە بوون ، ئەمڕۆ ٦.١.٢٠١٣ پاش بێدەنگی یەکی زۆر و دوایی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر هەراو هوریا کردن کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا وتارێکی گرینگ بۆ چارەسەری کێشەی ئیستای سوریا بڵاو دەکاتەوە ئەمرۆ لە کوشکی ئوپیرا بەشار ئەسەدی لاواز لە جەستە و دەسەڵات هاتە ناو لایەنگرانی خۆیی و دەستی کرد بە وتارە کەی بە ناوی چارەسەری قەیرانی ئێستای سوریا کە بەراستی نەک هیچی تازەیی تێدا نەبوو بەڵکو گاڵتە کردن بوو بە عەقلی خەڵک و وڵاتان و هەر ئەو قسانەی دووبارە کردەوە کە پێشتر دەیوت بەڵام بە شێوەیەکی‌تر، دەنا هیچ شتێکی تازەی بۆ خەڵکی راپەریوو و تینوی ئازادی تێدا نەبوو، بۆیە گەل دەبێت زۆر وریا بێت و ئەمە تەنیا بە هۆی فشاری دەست و پێوەندیەکانی دەسەڵاتی ئەسەد و دەوڵەتانی ئێران و رووسیە‌یە کە بە زۆر بەشار دێننە بەر چاوی خەڵک و وەک بوکەڵەیەکی بێ‌گیان وتاری پێ دەدەن. دەیانهەوێ هەر چون بێت دەسەڵات و حکوومەتەکەی ئەسەد لە بەرژەوەندی خۆیان بە کاربێنن، دەنا رۆژ لە گەڵ رۆژ نائومیدی لە رژیمەکەی ئەسەد لە زیاد بووندایە و تەنانەت زۆرێک لە مۆرەکانی ناو دەسەڵاتی ئاخووندی و و رووسیش ئەم راستییەیان لا دروست بووە کە ئیتر رژیمی ئەسەد لە سەروبەندی لە ناو چوون دایە و رووخانەکەی تەنیا بەستراوەتەوە بە کاتەوە دەنا مسۆگەرە. لە لایەکی ترەوە ئاڵای وڵاتی سووریه لە پشت ئەسەدەوە بە وێنەی بەشێک لەو کوژراوانە نەخشێنرا بوو کە دەست و پێوەندی دەسەڵات بوون و لەم ماوەدا کوژراون سەیر لەوەدایە تۆ بڵێی ئەسەد چاوی بەم وێنانە نەکەوتبێ کە تەنیا لە بەر بریارێکی هەڵە خوێنی ئەم هەموو ئینسانە رژاوە ، تۆ بڵی دەسەڵات و کورسی ئەوەندە خۆشەویست بێت کە خوێن بەهای هەزاران ئینسان بێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئیتر گەلی سووریه یەک دەنگ و یەک رەنگ و یەک بروا بڵین بەسە و ئیتر تەنیا رێگا ئەوەیە کە ئەسەد دەبێ بروا، باشتر وایە دەولەتانی وەک روسیە و ئیرانیش چی تر پشت بە رژیمە لەرزۆکەکەی ئەسەد نەبەستن و پشت لە گەلی راپەریوی سووریە نەکەن تا لەوە زیاتر خوێنی خەڵکی بێ‌تاوان نەرژێ چونکە سەرکەوتنی گەل حەتمییە و روو رەشی تەنیا بۆ دەسەڵات‌دارانی رژیمەکەی ئەسەد و هاوپەیمانە شەرئەنگێز و سەرشۆڕەکانیەتی. وتاری وەک ئەمڕۆی ئەسەد ئیتر هیچ شوێن لە سەر ورەی پۆڵائینی خەڵکی راپەڕیوو و شورشگێری سووریە دانانێ و واز لە ئامانج و ئاواتەکانیان کە رۆخانی رژیمەکەی ئەسەد و هێنانە دی حکومەتێکی گەلی یە ناهێنن و گەل لە سەر تروپکی رزگاری دایە و دەسەلاتی ئەسەد لە کوتایی ریگەدایە. ئەم جۆرە وتارانەش ئیتر هیچ بایەخێکی نە لە سوریا و نە لە دەرەوەی سووریه نیە. چونکە رژیمی ئەسەد متمانەی مانەوەی دەسەڵاتی لە دەست داوە و بە رژێمێکی کۆمەڵ کوژ و تاوانبار دێتە ئەژمار.