کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ چالاکی فەرهەنگیی عەرەبی ئەهواز، ئەگەری ئیعدام کردنیان لەئارا دایە

14:20 - 23 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: حوکمی ئیعدامی ٥ هاووڵاتیی عەرەبی دانیشتووی شاری خلفیە لەلایەن دیوانی بەرزی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەئید کراوە و ئەگەری جێبەجێ کردنی لەئارا دایە.
چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەب بڵاویان کردەوە، هاشم شەعبانی شاعیر و وب‌نووس، هادی راشدی مامۆستای شیمی، محەممەد عەلی عەمووری‌نژاد وب‌نووس و چالاکی خوێندکاری، سەید یابر ئەلبووشکە و سەید موختار ئەلبووشکە لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بە ئیعدام مەحکووم کراون.
ئەو ٥ هاووڵاتییە عەرەبە ماوەی یەک ساڵ لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی تارانەوە دەسبەسەر کران و دوو کەس لە دەسبەسەرکراوەکان لەژێر زەخت و گوشاردا ناچار بە ئاخاوتن لەسەر تەلەفزیۆن کران.
وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا قەزاییەکانی رێژیمی ئێرانی ئەو ٥ هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی دژایەتی خودا و پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی بە ئیعدام مەحکووم کردووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز رایگەیاندووە، ئەو ٥ چالاکی فەرهەنگییە لەژێر ئەشکەنجە و بە ناچاری دانیان بە تۆمەتی وەپاڵدراو ناوە.
ئەو ٥ هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٩ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیرابوون.

3356.jpg


چەند رۆژ لەمەوبەریش جەلیل حەمید کەعبی، کەعب شاپوور تەمەن ٢٠ ساڵ و وەلید حونش تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەو سێ‌ چالاکە عەرەبە بوون کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوون.
لەلایەکی دیکەشەوە چوار ئاوایی لە شارستانی شووشتەر، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە میلیتاریزە کرابوون.
دانیشتوانی ئاواییەکانی شان سەخی، ئەلدهول، بەیت نەبی و بەیت یریح لە ماڵەکانیاندا حەبس کراون و ئیزنی چوونەدەر لە ئاوایان نییە.