کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین فڕۆکەخانەی سووریە لەلایەن دژبەرانەوە دەستی بەسەردا گیرا/ کونفرانسی ژنێڤ شکستی هێنا

19:13 - 23 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: پاش یەک مانگ شەڕ و تێکهەڵچوون، گەورەترین پێگەی ئاسمانیی سووریە لەلایەن دژبەرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەرتشی ئازادی سووریە دەستی بەسەر پێگەی هەوایی تەفت‌نازی لە باکووری ئەو وڵاتەدا گرتووە.
ئەم پێگە ئاسمانییە لە درێژەی یەک مانگی رابردوودا، ببووە گۆڕەپانی توندترین تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئەرتشی ئازاد و هێزەکانی ئەو وڵاتە.
رامی عەبدولڕەحمان بەرپرسی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە بە هەواڵدەریی فەڕانسەی گوتووە، پێگەی تەفت‌ناز گەورەترین و سەرەکی‌ترین پێگەی گرینگی نیزامیی سووریەیە کەلە کونترۆڵی ئەو رێژیمەدا دەرهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە ئەخزەر ئیبراهیمی نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی عەرەب، بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریە هەواڵی شکست هێنانی کۆبوونەوەی ژێنڤی بڵاو کردەوە.
ناوبراو وتوویەتی: هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانیشتنی ژنێڤدا نەهاتە ئاراوە، بەڵام چارەسەر کردنی قەیرانی سووریە لە رێگای ئاشتییانەوە بە پێویست دەزانم.
بڕیار بوو لە کونفرانسی ژنێڤدا، وڵاتانی رۆژئاوایی و رووسیە لەسەر چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سووریە، دانووسان بکەن.