کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بەبۆنەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی پارێزگای كرماشان

14:19 - 24 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان قەدەغە کرانی قسە کردن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی کرماشانی بەتوندی مەحکووم کردووە.
نوسخەیەکی ئەم بەیاننەمایە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، مامۆستایان و قوتابییانی نیشتیمانپەروەر
پڕ ئاشكرایە، زمان سەرەکی‌ترین لقی کەلەپوور و ئامرازێکی گرینگە بۆ پێوەندی کردن ‌و هەروه‌ها گەورەترین پێناسەی بوونی هەر تاک و نەتەوەیەكە، ئێمەی کوردیش وەک سەرجەم نەتەوە و مرۆڤەكانی ئەم جیهانه، خاوەنی زمانی خۆمانین ‌و ئەم زمانەش لەگەڵ سەرجەم گرفت ‌و قۆرغێک کەلە مێژووی پڕچەوسانەوەی گەلەكەماندا لەگەڵی رووبەڕوو بووەتەوه، هەر به پاراوی ماوەتەوه و دەرخەری حەز و تاسه و پێناسەی نەتەوایەتیمان بووە.
کۆماری ئیسلامی وەک نیزامه دیکتاتۆرەکان هەتا ئێستا به شێوازی جۆراوجۆر كۆسپی خستووەته سەر رێی گەشەی زمانەکەمان و نکۆڵی لە خوێندن و گەشەی زمانی کوردیی کردووه.
له دوایین هەنگاودا و له کاتێکدا که هێشتا برین و زامی لەدەستدان و سووتانی رۆڵەکانمان له گوندی شیناوێی پیرانشار چارەسەر نەبووە و هێشتاش هەندێکیان له ئیسفەهان هەڕەشەی مەرگیان لەسەره، بەڕێوەبەرانی پەروەردەی پارێزگای کرماشان، که بەپێی بەڵگه ئاشکرایەکان هەستی نیشتمانپەروەری ئێستا لەم پارێزگایەدا بەرەو گەشەیەکی کەم وێنه دەڕوات، بەدەرکردنی نامەیەکی مەحرەمانه، بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایە بە شێوەیەکی زۆر بێ‌شەرمانه، گوشاریان خستۆته سەر مامۆستایانی ئەم پارێزگایە کە بۆیان نییە لە قوتابخانەکاندا به هیچ شێوازێک به زمانی کوردی بدوێن.
ئەوان بۆ ئەم کارە بێ شەرمانەی خۆیان و پێشێل کردنی ئەو مافه رەوایەی گەلەکەمان، باسیان له مافی کەمینه نەتەوەیی‌یەکانی‌تر لەم پارێزگایەدا کردووه، بەڵام نەلە روانگەی مەنتیقی و مافی مرۆڤەوه، ئەم کاره پەسندە ‌و نه بەڵگه و بیانووی سەرەکیی ئەوان ئەوەیه، که باسیان لێوه کردووه، بەڵکو ئەوان لەمێژە ‌و بە سەدان شێوازی جۆراوجۆر دەستیان کردووه به رەشەکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی گەلی کورد.
ئێمه وەک یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئەم هەنگاوە و هەنگاوی لەم چەشنه لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، داوا لە سەرجەم دایک و باوکانی خۆشەویست و مامۆستایان و قوتابییانی کورد و نیشتمانپەروەری پارێزگای کرماشان و سەرجەم کوردستان دەکەین لەهەمبەر ئەم کردەوه بێدەنگ نەبن و به کردەوه ئەم پێشێلکارییه مەحکووم به نەمان بکەن و بەردەوام بن به گەشەدان به زمانی نەتەوییمان له قوتابخانەکاندا ‌و تەسلیمی ئەو چەشنه داوایانە نەبن.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
٢١ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی