کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەردەم نووسینگەی پارلمان لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەیەک لەدژی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی چالاکانی سیاسیی کورد لە ئێران بەڕێوەچوو

19:19 - 24 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لەم کۆبوونەوەیەدا شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری ژمارەیەک لایەن و رێکخراوی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، بەئامادە بوونی نوێنەرانی حیزب و لایەن و کەسایەتی و رێکخراوەکانی چالاکی بواری مافی مرۆڤ، کۆبوونەوەیەک لە بەردەم نووسینگەی پارلمانی کوردستان لە شاری سلێمانی رێکخرا.
ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی مەحکووم کردنی سزای لە سێدارە دانی چالاکانی کورد لە کوردستانی ئێران رێکخرابوو.
لە کۆبوونەوەیەدا یادداشتێک لەلایەن کەمپەینی دژبە سێدارەدانی لاوانی کورد لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، رادەستی نوێنەرایەتیی فراکسیۆنەکانی پارلمانی کوردستان کرا.
پاشان کوێستان محەممەد ئەندام پارلمانی کوردستان، بەناوی هەموو فراکسیۆنەکانی کوردستانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی سزای سێدارە بۆ چالاکانی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران، پشگیرییان لە داواکارییەکانی کەمپەینی دژبە سێدارە کرد.

3374.jpg


دواتر سالار مەحموود ئەندام پارلمانی کوردستان و بەرپرسی لیژنەی مافی مرۆڤی کوردستان، وێرای مەحکووم کردنی سزای سێدارە، پشتگیریی لە لیژنەی مافی مرۆڤی پارلمانی کوردستان کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا وتاری بنەماڵەی زانیار و لوقمان مورادی لەلایەن باوکی زانیارەوە خوێندرایەوە و هەروەها ئەو نامەیەش رادەستی ئەندامانی پارلمانی کوردستان لە نووسینگەی سلێمانیدا کراوە.

3373.jpg


لەم کۆبوونەوەیەدا شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی محەممەد ساحیبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و نوێنەری زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.