کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکان لەهەمبەر دیارەدەی رفاندنی منداڵان، مان دەگرێت

01:28 - 1 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەیەک لە شاری بۆکان داوای لە خەڵکی بۆکان کردووە، رۆژی هەینی، رێکەوتی ١ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەمەڕ رفاندن و کوشتنی منداڵان لەو شارەدا، بەشداری بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو کۆمیتە کە خۆی بە کۆمیتەی هاوئاهەنگیی مانگرتن و خۆپیشاندان لەدژی رفاندنی منداڵانی شاری بۆکان ناساندووە، لە دوو شەوی رابردوودا بە ناردنی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان، داوای لە خەڵک کردووە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی هەینیدا بەشداری بکەن.

هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردووش لە ترسی رفاندنی قوتابیان و دەسدریژی و کوشتنی منداڵان، زۆربەی قوتابخانەکانی شاری بۆکان داخرابوون.

بەوتەی ئیجلال قەوامی، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، گرووپێکی نەناسراو هەتا ئێستا ١٠ قوتابیی بۆکانیان رفاندووە و پاش دەسدرێژی کردنە سەریان خنکاندوویانن.

ماڵپەڕی رووداو لە زاری ئیجلال قەوامییەوە بڵاوی کردۆتەوە، شەوانە گرووپ‌گەلێکی چەقۆ بەدەست هەڕەشە لە هاووڵاتییانی شاری بۆکان دەکەن و خەڵکی ئەو شارە لە ترسی هەڕەشەی ئەو گرووپانە لە ماڵەکانیان وەدەر ناکەون.