کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییەکی کچ لە قوتابخانەی گوندێکی کامیاران بەهۆی ئاگرگرتنی کوورەی نەوتی، بووە قوربانی

19:28 - 25 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە ئاوایی خامسانی سەربە کامیاران قوتابییەکی کچی قۆناغی ناوەندی، بەهۆی ئاگرگرتنی کوورەی نەوتی پۆلەکەیان سووتا.
رێکەوتی ٢٤‌ی بەفرانبار، ئازیتا مورادی بەهۆی گڕکرتنی کوورەی پۆلەکەیان دەست و دەم و چاوی سووتا و بۆ بیهداریی ئەو گوندە راگوێزرا.
ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، بارودۆخی جەستەیی ئازیتا جێگیرە و رادەی سووتانەکەی زۆر نەبووە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ١٥‌ی سەرماوەزی ١٣٩١‌ی هەتاوی پۆلی چواری سەرەتایی قوتابخانەی ئاوایی شیناوێ‌ لە پیرانشار، بەهۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی ئاوری گرت و ٣٧ قوتابیی ئەو پۆلە بوون بە قوربانی.
هەتا ئێستا دوو قوتابیی بە ناوەکانی ساریا رەسووڵزادە و سەیران یەگانە، بەهۆی زۆریی پلەی سووتانەکەیان گیانیان لەدەست داوە.
رێکەوتی ٩‌ی بەفرانباریش ٦ قوتابیی کچی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ‌ بەهۆی خراپیی باری تەندروستیان رەوانەی شاری ئیسفەهان کران و هەروەها سێ‌ کەسی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز دان.
دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی گوندی شیناوێ، هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی فەرمیی رێژیمی ئێران ئامادەی وڵام دانەوە بە قوربانییان و بنەماڵەکانیان نییە.