کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە کۆنفڕانسی پرسی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە قەتەر

13:25 - 26 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە کۆنفرانسی پرسی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بەشداریی لە کۆنفڕانسی پرسی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری دۆحەدا کرد.
ئەم کۆنفڕانسە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەلجزایر و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتژیی عێراق پێکهاتبوو.
لە رۆژی یەکەمی ئەم کۆنفڕانسەدا دوو پانێلی جیا لەسەر پرسی کورد لە عێراق و سووریە و رەوتی ئاڵوگۆڕەکان و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لەو وڵاتانەدا باسیان لێوە کرا.
رۆشنبیر، لێکۆڵەر، رۆژنامەوان و سیاسەتمەدارە کورد و عەرەبەکان لە باسەکاندا بەشدارییان کرد و را و بۆچوونی خۆیان لەسەر چارەسەریی پرسی کورد لەم دوو وڵاتە دەربڕی.
لە رۆژی دووهەمی ئەو کۆنفرانسەدا دوو پانێلی جیا، تاوتوێی پرسی کوردی تورکیە و ئێرانیان کرد و وەکوو پانێلەکانی رۆژی یەکەم رۆشنبیر، لێکۆڵەر، رۆژنامەوان و سیاسەتمەداری کورد، تورک و ئێرانی روانگەی خۆیان لەسەر پرسی کورد لەم دوو وڵاتەدا باس کرد.

لە پانێلی تایبەت بە پرسی کورد لە ئێراندا لوقمان ئەحمەدی، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، سەرەتا لەسەر مێژووی خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی باسێکی کورتی پێشکەش کرد بە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاماژەی بەو راستییە دا کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە رۆژی یەکەمەوە هێرشی کردە سەر بزووتنەوەی حەقخوازانەی نەتەوەی کوردی کرد و لە رێگای بەکارهێنانی زەبر و توندوتیژییەوە نەیهێشت حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەشداری پرۆسەی سیاسی ئێران بەڕێوە ببات.

ئەحمەدی گوتی: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە یەکەمین هەڵبژارن بۆ مەجلیسی ئێران ٦٠ هەتا ٨٠ لەسەدی دەنگەکانی بەشێکی بەرچاوی کوردستانی ئێرانی بەدەست هێنا، بەڵام رێژیمی تازەدامەزراوی ئیسلامیی ئێران لە جیاتیی ئەوە رێگا بدا بە نوێنەرەکانی حیزبی دێمۆکرات ببن بە ئەندامی پەرلەمان شەڕێکی نامرۆڤانەی بەسەر نەتەوەی کورددا سەپاند.

لە درێژەی قسەکانی دا ئەحمەدی گوتی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو هەوڵێکی داوە کە پرسی کورد بە شێوەیەکی سیاسییانە لە ئێران چارەسەر بکا، بەڵام کۆماری ئیسلامی تەنها بە توندوتیژی و کوشتن و تیرۆر وەڵامی بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی گەلی کوردی داوەتەوە. بۆ نموونە لەسەر میزی وتووێژ لەسەر ئاشتی رێبەری گەلی کورد، دوکتور قاسملوویان تیرۆر، و دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی و چالاکانی سیاسیی کوردیان کوشتوە.
ئەحمەدی پێی لەسەر ئەو راستییەش دانا کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری سیاسەتی نێوخۆی و دەرەکی بنەمای لە نێوچونی خۆی داناوە و لەم پێوەندییەدا ئەحمەدی ئاماژەی بەوە دا کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران زوڵم لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە وەکوو عەرەب، تورکی ئازەری، بەلووچ و تورکمانی کردووە بە بنچینەی سیاسەتی خۆی و لە وڵامی ئەم سیاسەتەی رێژیمی ئیسلامیدا ئەم نەتەوانە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵیان پێکهێناوە بۆ بەرپێچدانەوەی سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامی و خەبات کردن بۆ وەدیهێنانی سیستیمێکی فیدراڵ و دێمۆکراتیک کە تێیدا نەتەوە ستەم لێکراوەکانی ئێران بتوانن هەرێمەکانی خۆیان ئیدارە بکەن.
ئەحمەدی گوتیشی: لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینین کە ئێران دەیهەوێ خۆی وەکوو پارێزەری مافەکانی نەتەوەی فەڵەستین نیشان بدا، بەڵام لە هەمان کاتدا بە توندترین شێوە مافی عەرەبەکانی ئەهواز پێشێل دەکا و پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد دەکا لە دژی داخوازییەکانی نەتەوەی عەرەب و کورد لە سووریە.
ئەحمەدی لە وڵامی قسەی نوێنەری دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە بەشداری لە پانێلەکە کردبوو، وتی کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران نزیکەی ٧٠ ساڵە خەبات دەکا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد و حیزبی ئێمە پێش هاتنە سەر کاری رێژیمی ئیسلامی ئێران خەباتی کردووە و دوای رووخانی کۆماری ئیسلامیش هەر دەمێنێ چوونکە نوێنەرایەتی داخوازییە رەواکانی گەلی کورد دەکا و سیاسەتی توندوتیژیی رێژیمی ئیسلامی ناتوانێ کۆتایی بە خەباتی رەوای گەلی کورد بهێنێت.